Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى خولى ڕاهێنانى پێداگۆجيى چڕ و کورتخایەن بۆ مامۆستایانى زانکۆ ڕادەگەيه‌نێت

بە مەبەستى هاندانى مامۆستایانى زانکۆييى خاوەن نازناوى زانستى، بۆ ئاشنابوونیان بە میتۆد و ڕێگەکانى وانەگوتنەوەى سەردەم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى، خولى ڕاهێنانى پێداگۆجيى چڕ و کورتخایەنى (Intensive Short Course)، بەشێوەى ئارەزوومەندانە، بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە پێشووتر (خولى ڕێگەکانى وانەگوتنەوە)یان لە زانکۆکان تەواو کردووه‌ و لە ئێستادا هه‌ڵگرى نازناوى زانستین، ڕاگه‌ياند.

بە فەرمانى وەزاری ژمارە (١٥٦٢٠) کە لە ڕێکەوتى (٢٠٢٥/٨/٢٤) بە واژۆی د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە هاتوە؛ پاڵپشت بە (ماددەى بیست و سێیەم) لە ڕێنمایيی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠٢١)ى خولى ڕاهێنانى پێداگۆجى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بڕیار درا بە:- کردنەوەى خولى ڕاهێنانى پێداگۆجيى چڕ و کورتخایەن (Intensive Short Course) بۆ مامۆستایانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە پێشووتر (خولى ڕێگەکانى وانەگوتنەوە)یان لە زانکۆکان تەواو کردووە و لە ئێستادا خاوەنی یەکێک لە نازناوە زانستیيە هەمیشەییەکانی وەک (مامۆستاى یاریدەدەر، مامۆستا، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر، پرۆفیسۆر) بێت. هەروەها ماوەى خولەکە (6) شەش هەفتە دەخایەنێت کە (12) دوانزدە (ECTS)ى بۆ تەرخان دەکرێت.

شايانى باسه‌ به‌شداربووى ئەم خولە چەندین ماف و ئیمتیازاتى پێ دەبەخشرێت، لەوانە:
١. پێدانى بڕوانامەى بەشداریکردن لە خول.
٢. پێدانى سوپاس و پێزانین بە واژۆى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
٣. لێخۆشبوون لە پرۆسەى دڵنیایيی جۆرى بۆ ماوەى (1) یەک ساڵى ئەکادیمی.

بۆ خوێندنەوەى وردەکاريى فەرمانە وه‌زارییەکە: كرته‌ بکە