Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە بڕى نزیکەی 400 ملیۆن دینار هاوکاریی دارایی و کۆمەکى گەیاندە چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو

ڕۆژی سێشەمە، ١٦ى كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٥، د.ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی چەرموو و سەرۆک و ڕاگری سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە هاتنیان بۆ چەمچەماڵ دڵنیاییدانە بە خەڵکی چەمچەماڵ، ئەوان تەنیا نین و هەمووان لە زاخۆ تاکوو خانەقین بە دڵ و گیان لەگەڵتانین.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆبونەوەکەدا کە لە زانکۆى چەرموو بەڕێوەچوو گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریانداوە هاوکاریی داراییی پێشکەش بە خەڵکی چەمچەماڵ و زیانلێکەوتوان بکەن؛ کە ئەمەش لای ئێمە جێگەی ڕێز و تەقدیرە بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەبەرهێنەرەکانیان". لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا کەلوپەل و پێداویستیی زانستیی بۆ زانکۆی چەرموو و پەیمانگەی تەکنیکیی چەمچەماڵ دابینکردووە.

وەزیری خوێندنی باڵا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و وەزارەت بە بڕی نزیکەی (٤٠٠) ملیۆن دینار، هاوکاریی دارایی و کۆمەک پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ و دەوروبەرى و زانکۆی چەرموو دەکەن؛ بۆ ئەوەی ئێمەش بەشداربین لەگەڵتان و کەمێک لە ئازار و مەینەتیەکانی زیانلێکەوتوان کەم بکەینەوە".

هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و ڕاگرى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، لەگەڵ عەتا محەممەد کۆمسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى مرۆیی چەمچەماڵ کۆ بووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند، ئامانج لەم سەردانە گەیاندنى هاوکارىی دارایی و کۆمەکى وەزارەتە، بە زیانلێکەوتوان و زانکۆى چەرموو و پەیمانگەى تەکنیکى چەمچەماڵ، بۆ ئەمەش بەڵێنى دا هاوارییەکان بۆ چەمچەماڵ و زانکۆى چەرموو بەردەوام دەبێت.