Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوورى عێراق بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستيى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەرچووانى دوانزەى ئامادەیيی هەرێمى کوردستان ئاگه‌دار دەکاتەوە، ئەوانەى داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى ناوەراست و باشوورى عێراق پێشکەش کردبوو، لە ئێستادا دەتوانن لە ڕێگەى ئه‌م لينكه‌وه‌ ئەنجامى وەرگرتنیان وەربگرنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، کە لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى فیدرال لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونى هەر یەک لە د. نه‌عيم ئه‌لعه‌بود، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستيى حکومەتى فیدرال و د. خەتاب ئەحمەد شێخانى، بەڕێوەبەرى گشتيى خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستيى هەرێمى كوردستان و بەختیار حاجى حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتيى کاروبارى پەیوەندییەکان و بە دواداچوون لە نوێنەرایەتيى حکومەتى هەرێمى کوردستان له‌ به‌غدا، ئەنجامى وەرگرتنى فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوورى عێراق و هەروەها ئەنجامى وەرگرتنى فێرخوازانى ناوەراست و باشوورى عێراق لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاندرا.

لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستيى حکومەتى فیدرال، بڕیار درا بە دابینکردنى کورسيى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشوورى عێراق بۆ فێرخوازانى دوانزەى ئامادەیيی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى کورسيى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ فێرخوازانى دوانزەى ئامادەیيی ناوەراست و باشوورى عێراق.

بۆ ئەم مەبەستە لە (١٢٧) فێرخوازى هەرێمى کوردستان، کە داواکارییان پێشکەش کردبوو (١٠٥)يان لە زانکۆکانى ناوەراست و باشوورى عێراق وەرگیران، هەروەها لە هه‌زار و ٦٥٧ فێرخوازى ناوەراست و باشوورى عێراق (٢٦٣)يان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.

لە ئێستاوە سەرجەم وەرگیراوان پێویستە پەیوەنديى بەو کۆلێژ و بەشانەوە بکەن کە ناویان لێ گەڕاوەتەوە، بە مەبەستى دەستکردن بە مامەڵەى وەرگرتن.

دەرچووانى دوانزەى ئامادەیيی هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى لینکى (ديراسات) دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشوورى عێراق بدۆزنەوە.

هەروەها دەرچووانى دوانزەى ئامادەیيی ناوەراست و باشوورى عێراق، لە ڕێگەى ئه‌م لينكه‌وه‌ ده‌توانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بدۆزنەوە.