یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە پرسی سەربەخۆیيی زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی كانوونى يهكهمى ٢٠٢٥، لە شارى هەولێر، یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە پرسی سەربەخۆیيی زانکۆکان لە هەرێمى کوردستان بە ئامادەبوونى مامۆستایانى زانکۆ و ئەکادیمیستان و پسپۆڕانى بوارەکە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەربەخۆیيی زانکۆ پرسێکی گرنگ و فرە ڕەهەندە، لایەنی سەربەخۆیيی دامەزراوەیی، سەربەخۆیيی دارایی، کارگێڕی و ئازاديى ئەکادیمى لەخۆ دەگرێت و بە چەمک و بنەماکانى ئازادى و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و کارایيی دامەزراوە ئەکادیمیيەکان گرێدراوە. وتیشى: ئێمە ڕامان وایە دەبێت لەناو کۆمەڵگەی ئەکادیمی، گفتوگۆی قووڵ لهبارەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی تایبەت بە خوێندنی باڵا و تەشریعاتی دارایی لە هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەمەش تا ئێستاش ئەوەندەی یاسا ڕێگەی دابێت دەسەڵاتمان بۆ زانکۆکان دابەزاندووە.
هەروهها وهزيرى خوێندنى باڵا و توێژينهوهى زانستى ئاماژهى بهوه دا دواى حەڤدە ساڵ لە دەرچوونی یەکەمین یاسای خوێندنی باڵا، ئێستا کاتی گونجاوه بە تێڕوانینێکی نوێ بیر لە داڕشتنەوەی بنەما یاساییەکانی خوێندنی باڵای وڵاتەکەمان بکەینەوە، بە جۆرێک سەربەخۆیيی زانستی، دارایی و کارگێڕيی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا فەراهەم بکات.
لە کۆتایيی وتەکەیدا و ڕوو لە مامۆستایان و ئەکادیمیستان د. ئارام محهمهد قادر ڕایگەیاند: دەبێت ئەو کۆنسێپتە بچەسپێت بتوانین لە داهاتوودا سەرکردە ئەکادیمیيەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی و توانا و لێهاتوویی هەڵبژێرن، هەروەها زانکۆکانیش ببنە ئەو دامەزراوانەی کە سەربەخۆ توانای خۆبەڕێوەبردن و خۆهەڵسەنگاندن و خۆڕاستکردنەوەیان هەبێت.
لە بەشى سەرەکيى گفتوگۆ کراوەکەدا هەر یەک لە ئامادەبووان سەرنج و بۆچوونى تایبەتى خۆیان لەبارەى پرسی سەربەخۆیيی زانکۆکان خستەڕوو، بەو پێیەى ئەم پرسە دەبێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی ئەکادیمی، ڕووناکبیران و هاوبەشەکانمان لە کەرتی حکومەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لەسەر ئاستی سیاسیش ئامادەکاری و زەمینەسازيى تەواوی بۆ بکەین، تایبەتمەندیيە کولتووريیەکانی وڵاتی خۆمان لەبەرچاو بگرین.