بۆ دامەزراندنى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە چەند زانکۆیەکى بەریتانیا ئامادەی هاوكارين

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بوارى زانستى و پەرەپێدانى تواناکان، هەماهەنگییەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى بەریتانیا فراوان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ دامەزراندنى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە، چەند زانکۆیەکى بەریتانیا ئامادەییان نیشانداوە هاوکارى پێشکەش بکەن.
ڕۆژى سێشەممە ٤ى شوباتى ٢٠٢٥، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، كونسولى گشتيى شانشینى یەکگرتوى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، کونسولى گشتيى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، خۆشحاڵيى خۆى به سەردانكردنى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينهوهى زانستى نيشان دا و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکانی بەریتانیا لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان كرد.
کونسولى گشتيى بەریتانیا دووپاتی لهوه کردەوە كه مەبەستیانە لە ڕێگەى پەروەردە و خوێندنى باڵاوه پەیوەنديى باش لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينهوهى زانستيى هەرێمى کوردستان دورست بکەن، ههروهها گوتى، دەمانەوێت هاوکاريى زیاترتان بکەین، بە تایبەت بۆ بنیاتنانى کۆلێژی پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە و سوودوەرگرتن لە ئەزمونى بەریتانیا لە ڕووى سیستمى خوێندنى پزیشکى و پرۆگرامەکان و بنیادنانى ژێرخانى پتەوى تەندروستى بۆ هەڵەبجە.
د. ئارام محەمەد قادر باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد و ڕایگەیاند: لە قۆناغى ئێستادا هەوڵ و کارى جديى ئێمە بنیاتنان و دامەزراندنى کۆلێژێکى پزیشکيی پێشکەوتووە بۆ زانکۆى هەڵەبجە، خۆشبەختانە چەند زانکۆیەکى بەناوبانگى وڵاتى بەریتانیا ئامادەیيی خۆیان نیشان داوە به پێشکەشکردنى هاوکارى و هەماهەنگى بۆ سەرخستنى هەنگاوەکانى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکيى گشتى لە زانکۆى ههڵهبجه.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينهوهى زانستى داواى لە کونسولى بەریتانیا کرد هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵ وەزارەت، بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوە کردارییەکانى پێشکەشکردنى هاوکارى، بە مەبەستى کردنەوەى كۆلێژهكه، چونکە بە کردنەوەى ئەم کۆلێژهكه، دەتوانین ساڕێژى کەمێک لە ئازار و مەینەتى خەڵکى هەڵەبجە و ئەو کارەساتە گەورەیە بکەین کە بەسەر ئەم شارە خۆشەویستەى کوردستاندا هاتووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کونسولی گشتيی بەریتانیا بانگهێشتامەى فەرميى وڵاتەکەى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی پەروەردەی جیهانی، کە بڕیارە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەنجام بدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا کونسولی گشتيی بەریتانیا هاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکەى نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی زانست و زانکۆکانی بەریتانیا و ژمارەیەک لە زانکۆ ئاستبەرزەکانی ئەو وڵاتە.