Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدڕاڵ کۆبووەوە

بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامە باڵاکان و دەرچووانى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوی زانستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى فیدڕاڵ کۆبووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێم لە بەغدا و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى، پێشوازی لە مەحموود محەمەد عبد، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى فیدڕاڵ و وەفدێکى یاوەرى کرد.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد، کە بریتى بوون لە: دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان و دامەزراندنى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان و دەرچووانى زانکۆکان.

ئارام محەمەد قادر داواى لە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراق کرد پەرۆش و هاوکار بن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجان و سوودوەرگرتن لە توانایان بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و ڕێگر بین لە کۆچی هزر و تواناکانی گەنجان، کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتن و بەگرنگییەوە لە کێشە و گرفتەکانیان بڕوانین، کە چەندین ساڵە بەهۆى قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە نەتوانراوە دابمەزرێن.

هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتی کردەوە کە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا و دەرچووانى دیکە کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردووە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و هەلی کاری شایستە و سەقامگیریی ئابوورین.

لای خۆیەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى فیدڕاڵی ئاماژەى بە کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەنجومەنەکە کرد و ڕایگەیاند: هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لە نێوان هەردوولادا هەن و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە، بە مەبەستى خزمەتکردن بە دەرچووانمان و سوودوەرگرتن لە توانا و پسپۆڕییەکانیان.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ڕێکارە یاسایی و کارگێری و تەکنیکییەکانى نێوان هەردوولا خێراتر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری هاوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بنەماکانی شەفافییەت و هەلی یەکسان و دادپەروەردا، دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنرێت.