Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى زەمالەى خوێندنى "ماستەر و دکتۆرا" لە وڵاتى تورکیا ڕادەگەیەنێت

لە ئەنجامى سەردانى ساڵى ڕابردووى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى تورکیا و بەسەرکردنەوەى دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە و ئەنجامدانى لێکتێگەیشتنى هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەشکردنى زەمالەى خوێندن بە فێرخوازانى هەرێمى کوردستان، وڵاتى تورکیا (١٣) کورسيى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارى جیاجیا پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى کرد.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەرانى سەرجەم وەزارەتەکان ئاگه‌دار دەکاتەوە، دەتوانن داواکارى بۆ ئەم زەمالەیە بەم شێوەیەى خوارەوە پێشکەش بکەن:
- هەشت کورسی بۆ دامودەزگه‌کانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
- پێنج کورسی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى ديكه‌.
هەر کەسێک سەرباری مەرج و ڕێنماییەکانی زەمالەى تورکیا ، ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندن لە وڵاتی تورکیا بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیيانەی خوارەوە، داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەوه‌ پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن: (كرته‌ بكه‌)
• پێشکەشکار فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگه‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەمه‌وه‌ دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی ماستەر و لە ٧٠ کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی دکتۆرا.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریيەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێنەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامە پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی ماستەر، هه‌روه‌ها ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەوه‌ تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی تورکیاوه‌ پشتگیريی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
تێبینی:
- هەرکەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاريی زیاتر، سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- کاتی پێشکەشکردن له‌ ئێستادا كارايه‌.
- دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینکە بکەن: (كرته‌ بكه‌)
- دوای پێشکەشکردن، لە ڕێگەی ئۆنلاین ئەم زانیاریيانەی خوارەوە لە ڕێگەی ئیمه‌يڵی (maqsood.mohammed@mhe-krg.org) بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ڕەوانە بکەن:
Full name:
Application No.:
Applied program:
Email address:
Telephone No.:
Copy of the application

پێشكه‌شكار ده‌بێت هەموو ئەم زانیاریيانەی سەرەوە بە یەک فایل كه‌ به‌ ناوى خۆيه‌تى، بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ڕەوانە بکات، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و ڕەوانەی زانکۆكه‌ بکرێت.
- بۆ کاندیدانی دامودەزگه‌کانی خوێندنی باڵا و وەزارەتەکانی ديكه‌، هەمان ڕێکار جێبەجێ دەکرێت، دەبێت کاندید پشتگیريی شوێنی کارەکەی لەگەڵ بێت، کە بە ڕوونی باس لەوە بکات دوای بە دەستهێنانی بڕوانامە و گەڕانەوە کار دەکات و پێویستیان بەم بوارەيه.‌