Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەی "سەربەخۆیيی زانکۆکان" جێبەجێ دەکات

ڕۆژى سێشەممە ٢١ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ليژنەى ئامادەکردن و نووسینەوەى ڕەشنووسی پرۆژەى سەربەخۆييى زانستى، کارگێڕى و دارايیی زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان کۆبووه‌وه‌.
لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامانجى سەرەکيى پرۆژەکەى خستەڕوو کە بریتیيە لە ڕەخساندنى زەمینەى زیاتر بۆ سەربەخۆييى زانکۆکان و فەراهەمکردنی دەرفەتی زیاتری داهێنان و فراوانکردنی مەودای کاریگەرییە زانستی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتیيەکانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بۆ ئەمەش گوتى؛ بۆ پێشخستنى زانکۆکانمان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، بە دیدێکى نوێ و پرۆژەى تازەوه‌، بەردەوامى بە سەربەخۆیيى زانستى، دارایى و کارگێڕيى زانکۆکان ده‌ده‌ين.
د. ئارام محه‌مه‌د قادر هه‌روه‌ها ڕایگەیاند؛ دەبێت زانکۆکان هاوکار بن بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە و پێکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنى زەمینەى جێبەجێکردنى لەگەڵ هاوبەشەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و پاشانيش کار بۆ ڕێکخستنەوە و هەموارکردنەوەى سەرجەم ئەو یاسا و ڕێنماییانە بکەین کە پانتایيی سەربەخۆييى زانکۆکانى کوردستان فراوانتر دەکه‌ن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تاوەکوو زانکۆکانمان لە گشت بوارەکاندا ئازاد و سەربەخۆ نەبن، تاک و کۆمەڵگەکەشمان ئازاد و سەربەخۆ نابێت.