Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى پشتیوانيى خۆى بۆ زانکۆى کوردى - ئەڵمانى ڕادەگەیەنێت

ڕۆژى دووشەممە ١٦ى حوزه‌يرانى ٢٠٢٥، ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازی لە محەمەد مەحوى و شاندى نوێنەرانى زانکۆى کوردى – ئەڵمانى كرد، کە بە مەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سەردانى کوردستانیان کردوە.
محەمەد مەحوى بە نوێنەرایەتيى زانکۆى ناوبراو پوختەیەکى له‌بارەى کاروبارەکانى دامەزراندنى زانکۆکە و چۆنیيەتيى هەنگاوەکانى خستنەسەرپێى زانکۆ پێشکەش کرد، بۆ ئەمەش گوتى؛ ساڵى داهاتوو زانکۆى کوردى - ئەڵمانى کە کەمپەسەکەى لە وڵاتى ئەڵمانیا دەبێت، دەست بە پرۆسەى خوێندن دەکات و فێرخواز وەردەگرێت، بۆیە دورستکردنى ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى كوردستان بە گرنگ دەزانین.
وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستيى هه‌رێمى كوردستان هەموو پشتیوانییەکى وەزارەت و زانکۆکانى هەرێمى کوردستانى بۆ زانکۆى کوردى ئەڵمانى خستەڕوو و ئامادەیيی هەموو هاوکارییەکى نیشان دا، بە تایبەت ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانى زانکۆکانى کوردستان، بۆ خزمەتى سەرکەوتنى ئەم پرۆژەیە و هەموو هاوکارییەک لەڕووى سەرچاوەى زانستى.

جێگەى ئاماژەیە وابڕیارە لە ئایيندەیەکى نزیکدا یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن وەکوو چوارچێوەیەک بۆ کار و هەماهەنگيى هاوبەش لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى کوردستان و زانکۆى کوردى ئەڵمانى واژۆ بکرێت.