Skip to the content

یەکەمین دیدارى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، یەکەمین دیدارى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدات و تیایدا ستراتیژیەت و پلانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى دادەڕێژرێت و ڕاسپاردە و پێشنیاز بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى پانتاییى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان دادەنێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیى ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى وەزارەت لەگەڵ ڕاگرى سەرجەم پەیمانگە تەکنیکى و پیشەییە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە محەمەد حوسێن ئەحمەد، سەرۆکى دەزگەى سەرپەرشتى و دڵنیاییی جۆرى ئامادەی بوو، لەگەڵ ڕاگرى پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆ لەبارەى بەستنى یەکەمین دیدارى پەرەپیێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی لە هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەمەش ڕێوشوێنى گونجاو دەستنیشان کرا بۆ بەستنى دیدارەکە دواى تەواوکردنى ڕێککارە لۆجستییەکان.
لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ستراتیژیەتى کارکردنمان پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بە شێوەیەک خاوەن کارامەیى بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە گۆڕانکارى هەیە لە فەلسەفەى خوێندن، ناوەرۆکی پرۆگرامەکان، پرۆسەی خوێندن، ڕاهێنانی بەردەوام و کارکردن لەسەر پێداویستییەکانی بازاڕی کار.
هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوە کرد وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ هاوبەشەکانى دیکەى لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کار دەکات بۆ دانانى ستراتیژیەت و پلان بۆ فراوانکردنى پانتاییى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە کادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بۆ بنیادنانەوە و پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بوونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى، کارێکى ئەستەمە.