وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى 30 زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا ڕادەگەیەنێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) ڕادەگەیەنێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە 30 دەرفەتى خوێندن (10 ماستەر و 20 دکتۆرا) بۆ فێرخوازان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕادهگهێنێت.
مەرجەکانى پێشکەشکردن بۆ زەمالەی خوێندن بۆ ساڵی (2026 – 2027) لە وڵاتی هەنگاریا بەم شێوەیە:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداریی هەبێت تا (2026/9/1) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردووە.
- خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە.
- لەکاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە ڕەسەنەکان بە وەزارەتەکەمان پێویستە تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.
- ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندووە، لەکاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزیی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاریی بۆ خوێندن پێشکەش بکات؛ واتا بۆ خوێندنی ماستەر، بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت. هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت.
- ئەم زەمالەیە پشتگیریی مۆڵەتی هاوڕێیەتیی هاوسەری ناکات؛ هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت؛ واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نوسراوی لاری نەبوون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکات.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بڕی نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا، مانگانە بڕی نزیکەی (355 - 460) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت. هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابیندەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت.
- دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی لەلایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمای ڕێنمایی ژمارە (5)ی ساڵی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.
- ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بوەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاریی پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.
- ئەگەر کاندید پاشگەزبوەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرامبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاری پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.
- هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەت بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی ڕەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.
- دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (2026/1/15).
- ئەو خوازیارانەی دکتۆرا کە پێشتر بۆ خۆیان قبوڵی خوێندنیان وەرگرتووە یان ڕەزامەندیی سەرپەرشتیاریان بەدەستهێناوە، هەلی وەرگرتنیان لەم سکۆلەرشیپە زیاترە.
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ تەنیا لە ڕێگەی ماڵپەری سەرەکیی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.
بۆ زانیاریی زیاتر و پێشکەشکردن، كرته لێره بكه
لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەت هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە لە ڕێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
بۆ زانیاری؛ تەنها ئەو زانکۆ و پسپۆڕییانەی کە لە سیستەمەکە بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کراوەیە، دەکرێت داواکاریی پێشکەش بکرێت.