Skip to the content

یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زیرەکی دەستکرد لە زانکۆی ئاکرێ بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە چاودێری و ئامادەبونی د.ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د.مەنهەل ئیلهام سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، د.ئاری عادل سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، د.پەیمان ڕەمەزان سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، د.ئامانج عەبدوڵا سعید ڕاوێژکاری وەزیر، د.محەممەد حوسین سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و مامۆستایان و توێژەران و ئەکادیمیستان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی لەلایەن هەریەک لە زانکۆکانی (ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، پۆلیتەکنیکی دهۆک، ڕاپەڕین، UTHM مالیزی) بە ناونیشانی "زیرەکی دەستکرد" لە زانکۆی ئاکرێ بەڕێوە چوو.

لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە هەریەک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی و ڕاپەڕین و UTHM ی مالیزی کرد، بۆ دەستپێشخەری و هەماهەنگییان لە ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە؛ هەروەها سوپاسی هەموو توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد، کە ئەم کۆنفرانسەیان هەڵبژاردوە بۆ هاوبەشکردنی بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانتان.

لە درێژەی قسەکانیدا د. ئارام محمد قادر گوتی: "هەڵبژاردنی پرسی ژیری دەستکرد و پەرەپێدانی بەردەوام، بابەتی گرنگی ئەم قۆناغەی ژیانی مرۆڤایەتییە، ئێمە ئێستا لە ناوەڕاستی تەوژمێکی تەکنەلۆژیی نوێداین، ژیریی دەستکرد زۆر بە خێرایی گەشە دەکات و کاریگەرییەکانی لەسەر کایەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سەربازیش دەبینرێت. هاوکات لەژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەبواری ئابووری و بازاڕی کاریش زۆر بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".

گوتیشی: "خوێندنی باڵا هەم لە وڵاتی ئێمە و هەم لە سەرتاسەری جیهان لە سەدەی بیست و یەکدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە، لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکاریی خێرای تەکنەلۆژیا و گەشەکردنی ژیریی دەستکرد و لێکەوتە هەمەلایەنەکانی هەموو دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەکەونە بەردەم پرسیاری گەورە".

لە کۆتاییدا گوتی: "دەبێت توێژەرانمان هان بدەین لەم بوارانەدا کاری هەماهەنگیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن. خوێندکاران و گەنجەکانمان ڕابهێنین کە بە ئاگایی و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ بکەن، بە ئیتیک و بەرپرسیارێتییەوە ژیریی دەستکرد بەکار بهێنن".

لەمیانی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنفرانسدا، ٥٥ توێژینەوە لەلایەن توێژەرانی شەش وڵاتی دونیا، توێژینەوە زانستییەکانیان لەلایەن بەشداربووان لەماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسدا پێشکەش کرا و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.