Skip to the content

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنماییەکانى کردنەوەى ماستەر و دکتۆراى تاووتوێ کرد

بە سەرپەرشتیى ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت یەکەم کۆبوونەوەى ئاساییی خۆى لە ساڵى نوێدا ئەنجام دا و تێیدا گفتوگۆ لەبارەى هەموارکردنەوە و دەوڵەمەندکردنى زیاترى ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى کوردستان کرا.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبوونەوەى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠٢٦)ى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست ساڵى نوێى ٢٠٢٦ بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، ساڵى پێشکەوتنى زیاتر و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمیى زانکۆکانى کوردستان بێت، بۆ ئەوەى خزمەتى زیاترى کوڕان و کچانى وڵاتەکەمان بکەین.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی دارایی، داهات و خەرجیى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆىان لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش دواى وەرگرتنى بۆچوون و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، بڕیار درا؛ زانکۆکانى کوردستان سەرچاوەکانى داهات و خەرجییەکانیان لە ڕاپۆرتێکدا ئاراستەى وەزارەت بکەن، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لەبارەى هەموارکردنەوەى ڕێنماییی ژمارە (١٢)ى ساڵى (٢٠٢٤)ى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر ، دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى ئەوەى بڕیار درا ساڵانە ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بکرێتەوە، ئەنجومەنى وەزارەت دواى وەرگرتنى ڕا و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجومەن و پێشنیاز و بۆچوونەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاریدا پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکى ڕێنماییەکە بکرێت لە گرنگترینیان؛

- لابردنى ئەو بڕگەیەى کە هەڵەیەک ڕاستێک دەسڕێتەوە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.

- لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا، لە فێرخوازانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکاندا.

- هیچ کورسییەکى بەتاڵ لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان پڕناکرێتەوە.

- پێداچوونەوەى مەرجدار بۆ مەرجى زمانى ئینگلیزى لە بەشە زانستى و مرۆڤایەتییەکان.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لەبارەى چەند پێشنیاز و بۆچوونێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى، کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزارەت بەردەوام بن.