Skip to the content

لە ٤۷یـەمین ساڵڕۆژیدا تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆى شەهیدانى بۆردوومانەکەى قەڵادزێ دانرا

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى ٢٤/٤/٢٠٢١ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٤۷یـەمین ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی قەڵادزێدا لەلایەن حكومەتی ڕووخاوى عێراقەوە ڕاگەیێنراوێكی بڵاو كردەوە.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر بۆردوومانکردنى قەڵادزێ کە ڕێکەوتى ٢٤/٤/١٩٧٤ى زایینى لە لایەن ڕژێمى ڕووخاوى بەعسەوە ئەنجام درا، تێدەپەڕێت، کارەساتێک کە وەک هەموو کارەساتەکانى دیکە کە ڕژێمى بەعس بەسەر گەلى کوردستاندا هێناى، ڕووداوێکى کارەساتبارى گەورەیە لە مێژووەکەماندا و وەک وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ڕاگەیێنراوەکەیدا باسى کردووە "ترسى دوژمن له‌ ئاوێته‌بوونى تێکۆشانی چه‌ك و قه‌ڵه‌مى به‌رگرى و كۆبوونه‌وه‌یان له ‌یه‌ك سه‌نگه‌رى خەبات و تێکۆشان" هۆکارى سەرەکى بۆردوومانى شاری قەڵادزێ بوو کە تیایدا ١٢٣ هاووڵاتی سڤیل و فەرمانبەر و خوێندکار و مامۆستاى زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و زیاتر لە ٤٠٠ كەسی دیکەیش بریندار بوون و بەشێکی زۆری شارەکە وێران و خەڵکێکى زۆریشى ئاوارە بوون و هەر بەوەشەوە نەوەستا و جارێکى تر و لە ساڵەکانى ١٩٨٢ و ١٩٨٩ پەلامارى شارەکە و خەڵکەکەى دایەوە و دەیان کەسى شەهید و بریندار و خەڵکەکەى ئاوارە و بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانى ڕاگواست.

حکومەتی هەرێم دواى ئازادکردنی خاكی کوردستان، بەردەوام لە خەمی سڕینەوەی کاریگەرییە ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و فەرهەنگییەکانی ئەو کارەساتە نەخوازراوانە بووە کە ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانی عێراق دژی گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیران ڕێکەوتى ٤/ ۳/ ۲٠۱۳ بە بڕیاری (۲۲٦۲) ڕۆژی ۲٤/ ٤ی وەک ڕۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاری کرد، بەڵام ئەمساڵ لەبەر خۆپارێزى بەرامبەر ڤایرۆسى کۆڕۆنا وەک ساڵانی پێشوو ئەم یادە لە شارەکە و زانکۆ و پەیمانگاکان نەکرایەوە و تەنها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری پڕشکۆی شەهیدەکانی دانرا، بەڵام لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیدا وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەڵێنی خزمەت و ڕێز و وەفای بۆ خانەوادەکانیان دووپات کردووەتەوە و دەڵێت "کاری جددی دەکەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانە تا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی مادەی ۱۳۲ی دەستووری فیدراڵ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان دەکات".