وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە (۳٤)مین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی 16/4/2021 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (۳٤)مین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
کەسوکاری سەربڵندی شەهیدانی جینۆساید و خەڵکی تێکوشەری دۆڵی خۆشناوەتی
ئەمڕۆ ۳٤ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانێکی گەورەیتری ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، کە دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان و لە ڕۆژی 16/4/1987دا چەند جارێک گوندەکانی دۆڵی خۆشناوەتی بۆمباران کرد و لە ئەنجامدا چەندین قوربانی لێکەوتەوە، هەر ئەوکات ژمارەیەک لە بریندارەکان دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆییانە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لە ناوچووەوە زیندەبەچاڵکران ولە دوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە کارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە و گەڕێنرانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان و بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرانەوە.
خەڵکی خۆڕاگری بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی
دیرۆکی دوور و نزیکی ناوچەکەتان شاهێدی ڕاستییەکی مێژووییە، کە سنوورەکەتان هەمیشە قەڵایەکی پشتگیری و پشتیوانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بووە و لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەتان داوە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەریتان بۆ ئێستا و بۆ ئاییندەش تۆمارکردووە.
لەم بۆنە خەمناکەدا وێڕای هاوخەمیمان بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بەرکەووتووانی چەکی کیمیاوی، جەختیش لەسەر مافە ڕەواکانیان دەکەینەوە و لە هەوڵی بەردەوامیشداین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و قوربانییانی جینۆساید بە گشتی بکەین.
لە کاتێکدا یادی شەهیدانی ئەم مەرگەساتە دەکەینەوە، پێداگیری لەسەر داوا و مافە ڕەواکانیان دەکەینەوە و داواکاریشین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ، کە چیتر پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوانەخات و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە مادەکانی (۱۱۲) و (۱۳۲)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس. و فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و شایستە بەخانەوادەهەمیشە سەربەرزەکانیان.
کەسوکاری سەربڵندی شەهیدان تاقانەکانی جینۆساید
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەک هەمیشە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانتانە و وەکو ئەرک و نەریتێک، ساڵانە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەکاتەوە، بەڵام ل ەئێستادا بەهۆی پابەندبوونمان بە ڕێنماییە تەندرووستییەکان و بۆ پاراستنی گیانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری پیرۆزی شەهیدان یاد و بیرەوەری ئەو شەهیدانە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و لە هەمانکاتدا له هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم جۆرە تاوانانە بە جینۆساید بناسێنرێت و گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەیان بدرێت.
دروود بۆ ڕۆحی شەهیدانی کوردستان سەربڵند و کەسوکارە هەمیشە سەربەرزەکانیان.