وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بهیاننامهیهكیان بڵاو كردهوه
ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەرز دەنرخێنێ و رایدەگەیەنێت، "لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان و ڕزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە".
دەقی بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا:
کەسوکاری سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی
٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.
لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ تیرۆریستانی ڕێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش )شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە، سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنڕا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە. لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی (٣٦٠) هەزار لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
خەڵکی خۆڕاگری شنگال و دەورووبەری..
داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتە بەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شووناسی نەتەوەیی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، کەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید.
دایکانی جگەر سووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی..
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە هەمانکاتدا کاری جددی کردووە بە ئامانجی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای حکوومی پێکهێناوە بە ناوی (لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر )، هەروەها بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تیمی هەماهەنگی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق بە مەبەستی کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
لەم یادە دا ستایشی دەرکردنی بڕیاری(٢٣٧٩)ی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٩/٨/٢٠١٧ تایبەت بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی دەکەین بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق، ناسراو بە یونیتاد پێکهێنرا، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەکانی هەردوو پەرلەمانی( بەلجیکا و هۆڵەندا)ش دەکەین کەلەم دواییانەدا وەکو دوو وڵاتی ئەورووپی ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساند، لەگەڵ ئەو وڵاتانەش کە پێشتر ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساندووە، یا خود کاری لەسەر دەکەن. جێگای ئاماژە پێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگی وەزارەتمان رۆژی ٣ی ئابی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە، بەڵام دیارە ئەمساڵ بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و زیاتر پابەند بوونمان بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی لە سەر ئاستی باڵا بەڕێوە ناچێت، ئەمەش لە پێناوی زیاتر سەلامەتی هاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانیانی ئەم جینۆسایدەیە.
لەم یادە کارەساتبارەدا وێرای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکومەتی عێراقی فیدراڵیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان و ڕزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، کە بەو هەنگاوانەش ئومێد دەکرێت بە شێک لە ئازاری لە بن نەهاتووی ئێزدییەکان سارێژ بکەین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ خۆیان و دەڤەرەکەیان بگەڕێنینەوە.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئێزدییەکان
سڵاو لە خۆراگری کەسوکاری جینۆساید کراوانی ئێزدی