Skip to the content

لە ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوباتدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1 لە ١٧هەمین ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوباتدا بەڕێز عبداللە حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفاکراوان تاجەگوڵێنەی بەڕێز “مەسرور بارزانی” سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستانی لەسەر کۆتەڵی شەهیدانی ١ی شوبات دانا کە بۆ رێزگرتن لە یادی ئەو شەهیدانە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێری پایتەخت بونیات نراوە.

دواتر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەسەر بەرز و پیرۆز راگرتنی یادی شەهیدان کردەوە.

عبداللە حاجی محمود لە میانی لێدوانەکەیدا باسی لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکات و ببێتە هۆی هێنانەدی دادپەروەری.

شایەنی ئاماژەپێکردنە کە هەر بە بۆنەی ١ی شوباتەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەوەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

ڕاگەیەندراوى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان

لە یادى شەهیدانى(١)ى شوبات

(١٧)ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژى (١)ى شوباتى ساڵى 2004 تیرۆریستانى دوژمنى ئارامى و پێکەوە ژیان لە دووکردەوەى خۆکوژیدا لە هەردوو لقى(٢)ى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەڵبەندى(٣)ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان (103)بەرپرسى حکومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامانى هەردوو حزب و هاوڵاتییان شەهیدکرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون.

ئەگەر چى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان، نەک هەرهێندە بەڵکو ئیرادەى بەرگرى و قارەمانێتى هێزى(پ.م) لە کوردستان پاش چەند ساڵێک داستانى مەزنى لە ڕووبەڕووبونەوەى گەورەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى تۆمارکرد و لە برى جیهان شەڕى تیرۆریستانى داعشى کرد بەجۆرێک کە مرۆڤایەتى بە شانازییەوە ئاماژەى پێدەکات.

ئەمساڵیش کە یادى شەهیدانى ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات.

هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ڕیزەکانى گەلەکەمانبێت ئێمەش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەگەر چى بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بە ئامانجى پاراستنى تەندروستى کەسوکارى شەهیدەکان مەراسیمى تایبەت بەو یادە رێکناخرێت، بەڵام بیرەوەرى شەهیدان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە خزمەتگوزارى کەسوکارى سەربەرزیان و تۆمارى سەروەریەکانیانین.