بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدانی سلێمانی و ڕێکخراوی CDO یاداشتێکی لێکگەیشتن واژوو دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ئەنفالکراوان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO واژوو کرد.
پاش ڕەزامەندی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەمەبەستی بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و یادەوەری شەهیدانی ئەنفالکراوی سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژوو کرد.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە زیندووکردنەوەی مێژوو و چیرۆکی ئەو وێنانەی کە پێش پرۆسەی ئەنفال لەگوندەکانی ناحیەی ئاغجەلەر لەلایەن وێنەگر (عبداللە ساڵح ) گیراون و تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک کاری لەسەر زیندوو کردنەوەی چیرۆکی پشت ئەو وێنانە نەکردووە.
ئەو وێنانە خاوەنی چیرۆکی گەورەن و بەپێی یاداشتەکە سەرجەم وێنەکان بە قەبارەی گەورە چاپ دەکرێن و چیرۆکی وێنەکانیان لەگەڵ دادەنرێت و دواجار وێنەکان لە مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە قە زای چەمچەماڵ وەک پێشانگایەکی بەردەوام نمایش دەکرێن.
شیاوی باسە ڕێکخراوی CDO وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی سەربەخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەستی بە ئامادەکاری پێویست وەک دابینکردنی تیمی ڕاهێنراو و فەراهەمکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان کردووە و بڕیارە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی سەردانی گوندەکانی ئەو دەڤەرە بکەن بە مەبەستی ڕێکخستنی کارە هونەریی و میدیاییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە .