Skip to the content

بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ۳٨ ەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکاندا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان بەرز دەنرخێنێ و رایدەگەیەنێت، "جینۆسایدى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژ بە بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئایین و سروشت و گەردوونە، کە تیایدا  ٨  هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کورد بوون و مێژووى بەرگریکردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران".
دەقی بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٣٨ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان 

بەڕێزان کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان، 
٣٨ ساڵ بەر لە ئێستا ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە درێژەی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیدا دژ بە گەلی ستەملێکراوی کوردستان، ھەستا بەکۆمەڵکوژی بارزانییەکان، کە ئەوە سەرەتای پیلانێکی گەورە بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنی ڕەگەزی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەی خۆی بە ئازادی بژی.

جینۆسایدی بارزانییەکان تاوانێکی گەورەی دژبە بەھاکانی مرۆڤایەتی و ئایین و سروشت و گەردوونە، کە تیایدا  ٨ ھەزار مرۆڤی بارزانی بێتاوان تەنھا بەھۆی کورد بوون و مێژووی بەرگریکردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران.

ئاشکرایە ھەر  ڕاستەوخۆ لە پاش ڕێکەوتننامە بەدناوەکەی جەزائیرەوە ڕژێم کەوتە داڕشتنی پیلانی قەڵاچۆ کردن و لە ناوبردنی گەلی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا مەڵبەندی تێکۆشانی سەدەیەک خەبات و زێدی شۆڕشگێڕانیان لە بارزان کردە ئامانج. ئەوە بوو ھەر لە ساڵی ١٩٧٧ دا ھەزاران خێزانیان بەرەو دیوانیە و شارەکانی باشووری عێراق ڕاگوێزا، بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی دایان ببڕن لە چیا و گوندەکانیان و دەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و بەرگریی. دواتر بۆ ئۆردوگاکانی قوشتەپە و بەحرکە و ھەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری ھەولێر گوێزرانەوە و پیلانی نەخوازراوی رژێمی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی بارزانییەکان، تا لە دواھەمین ڕۆژی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ یەکەمین قۆناغی ڕەشبگیریی بارزانییەکان دەستیپێکرد و بە سێ قۆناغ لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا نزیکەی ٨ ھەزار مرۆڤی بێ تاوان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و ھەزاران خانەوادە بێ باوک و دایک بێ جگەرگۆشە و ھاوسەر، ماڵوێران کران و لە دوای ئەو تاوانە کەوتنە ژێر باری سەختی پەروەردەکردنی خێزان و منداڵەکانیان و لەو پێناوەدا تەمەنی خۆیان لەگەڵ ڕەنج و چاوەڕوانی کەسوکارە جینۆسایدکراوەکان بەسەربرد.

خانەوادەی ستەملێکراوان و قوربانیانی جینۆساید، 
وەنەبێ ڕژێم بە جینۆسایدی بارزانییەکان کۆتایی بە پیلانەکەی ھێنابێ، بەڵکو بە ئامانجی سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی قڕکردن و لەناو بردنی گەلەکەمان بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی  لە ژێر ناوی ( پرۆسەکانی ئەنفال )، ھەروەھا کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ و چەندین ناوچەی تری کوردستان کە دواجار ھەموو ئەو تاوانکارییانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسا و پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بە بوونی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ و ھەزاران بەڵگەی یاسایی بە جینۆساید ھەژمارکران و بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ( ٢٠١١ ) وەک تاوانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی و  جەنگ لە قەڵەم درا.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان،
لە  کاتێکدا کە ئەم یادە کارەساتبارە دەکەینەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیان، چونکە تا ئەمڕۆش رووفاتی بەشێکی زۆریان لە بیابانەکاندا گۆڕەکانیان نادیارە و لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانیان و گەڕانەوەی ڕووفاتەکانیان.

ئەگەرچی ئەم تاوانە بێ وێنەیە زامێکی قوڵی جەستەی نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونی ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازییە بۆ ئێوە و میللەتەکەمان بە گشتی، کە ئەو شەھیدە سەربەرزانە لە یاد و زاکیرەی بە کۆمەڵی ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەی ئیلھامی ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخی بیرەوەری مرۆڤایەتی و مێژوودان. 
ھەرچەندە لەم ساڵدا بەھۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی تەندروستی نەتوانراوە وەک ساڵانی پێشووتر ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت، ھەموو تواناکانی دەخاتە کار تا خزمەتی شایستە پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان بکات و یادی قوربانییەکان بەرز ڕابگیرێت ،  کار دەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، بەپێویستی دەزانین حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرک و پابەندبوونی دەستووری و یاسایی و بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات.
نەمریی بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان،
سەربەرزی و شکۆمەندیی بۆ کەسوکاریان.