وەزارەتی کاروباری شەهیدان لەسەر لیژنەکانى چاکسازی ڕوونکردنەوەیەکى بڵاو کردەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) – لە ڕوونکردنەوەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (٦٢٦٨) لە ڕێکەوتى ١/٦/٢٠٢١ لەسەر بنەمای نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ژمارە (٩٠) لە ڕێکەوتى ٣٠/٥/٢٠٢١ تایبەت بە سەردانی لیژنەکانی چاکسازی لە وەزارەتى ناوبراو بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە و دواتر چەندین خاڵ خراونەتە ڕوو کە ئەمانەى خوارەوەن:
١. وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو میانەیەشدا هەنگاوی بەرچاوی ناوە لە وردبینی و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی کوردستان.
٢. لە ڕوانگەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە ڕۆڵی چاودێری (رقابی) پەرلەمانی کوردستان، لە ڕابردوو و ئێستاش وەزارەتمان هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتەکانی هەبووە و هەمیشە سەرنج و پێشنیاز و تێبینییەکانیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بە هەند وەرگیراون و کاریان لەسەر کراوە.
٣. سەبارەت بە سەردانی لیژنەکانی چاکسازبی وەزارەتمان بۆ پەرلەمانی کوردستان و هەر ڕێوشوێنێک کە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی باشتر بکات، ئێمە هاوکار و هەماهەنگ دەبین کە پێشنیازیشمان کردووە بۆ سەردانی لیژنەکانی پەرلەمان، لەو ڕەهەندەوە بووە کە سەرجەم لیژنەکانمان لە شوێنی کارەکان بەسەر بکرێنەوە و چاودێری کارەکانیان بکرێت و لیژنەکانی پەرلەمان ڕاستەوخۆ کارو دۆسیەکان ببینن و ڕاو سەرنج و تێبینییان لەسەر بدەن.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان هاتووە کە "هەمووشمان مەبەستمان خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی تێکۆشەری کوردستانە بە پابەندبوون بە یاسا و بنەمای دادپەروەریی کە کرۆکی یاسای چاکسازییە".