دۆسیەى بەرکەوتووانى چەکى کیمیایی هەنگاوى باشى بڕیوە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی لە پۆڵۆنیا کۆ بوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/١٤ عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا کرد.
زیاد ڕەئوف بە وردی باسی پڕۆگرامی سەردانەکەی کرد و تیایدا ئاماژەی بە ئیشوکار و پلانی نوێنەرایەتییەکەی لە پۆڵۆنیا کرد بە ئامانجی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە وڵاتە و هەموو ئامادەییەکی نوێنەرایەتییەکەیانی دووپات کردەوە بۆ هاوکاری نێوان وەزارەت و حکومەتی پۆڵۆنیا و ئاڵو گۆڕی ئەزموون و خزمەتکردن و ناساندنی پرسی جینۆسایدی گەلی کورد لە سەروویانەوە کەیسی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئێزدییەکان.
پاشنیوەڕۆى هەمانڕۆژ وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی لێژنەی وردبینی و پێداچوونەوە بە دۆسیەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی، سەردانی لیژنەکەیانی کرد. لەو سەردانەدا وەزیر دەستخۆشی لە کارەکانی ڕابردووی لیژنەکە کرد و ڕایسپاردن بە شێوازێکی دادپەروەرانە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن تا دۆسیەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی لە پاش وردبینی ئاراستەی لیژنە تەندروستییەکان بکرێ بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی و ئەنجامدانی کاری یاسایی پێویست بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان.