Skip to the content

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان: جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كه‌سوكاری شه‌هیدان لێی سوودمەند دەبن


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوێنێ دووشەممە عه‌بدوڵا حاجی مه‌حموود وەزيری كاروباری شەهيدان و ئەنفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی فراكسيۆنی سەردەم و سەرۆك فراكسيۆنەكانی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بووه‌وە.
له‌ كۆبونەوەكەدا وزيری كاروباری شەهيدان و ئەنفالكراوان تيشكی خستە سەر ئيشوكار و چالاكيیەكانی وەزارەت و ئاماژەی بە كارنامەی كابينەی نۆيەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەکانی جێەجێکردنی یاسای چاکسازی كرد، كە تێيدا گرنگی دراوە بە بنەمای دادپەروەری، هەر لەو سۆنگەيەیشەوە وەزارەت ڕێكار و هەنگاوی پێويستی گرتووه‌تە بەر بۆئەوەی بە يەكسانی و بە شێوازێكی دادپەروەرانە سەرجەم كەسوكاری شەهيدان بەبێ هيچ جياكارييەك سوودمەند بن لەو ماف و ئيمتيازاتانەی كە لە ياسا و ڕێنماييە كارپێكراوەكاندا هاتوون.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنەری پيكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆيان پيشان دا لە بەرانبەر هەوڵەكانی وەزارەت و هەموو پشتگيری و پشتيوانيیەكيان بۆ وەزیر و وەزارەتی كاروباری شەهيدان و ئەنفالكراوان دووپات كردەوە.