وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە دانا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/٣/١٦ لە ٣٣ هەمین ساڵیادى قوربانیانی کیمیابارانى شارى هەڵەبجە و دەوروبەرى عبداللـە حاجى محمود وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان تاجە گوڵینەى ڕێز و وەفاى لەسەر مەزارى پیرۆزى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە دانا.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند:
وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئێمە لێرەین بۆ گەیاندنى پەیامى هاوخەمیمان بۆ کەسوکارى سەربەرزى شەهیدانى کیمیاباران، هەموو هەوڵێک ئەدەین بۆ ئەوەى بتوانین ژیانێکى ئاسوودە و شکۆمەندانە بۆ کەسوکارى هەمیشە سەربەزریان دابین بکەین.
سەبارەت بە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان ووتى:
شەهیدانى هەڵەبجە هەمیشە لە یاد و ویژدانى گەلى کوردستاندا زیندوون و حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئەرکى خۆى دەزانێ کە خزمەت بە شارى هەڵەبجە و کەسوکارى شەهیدان و بەرکەوتووانى چەکی کیمیاوی بکات و مەسرور بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران جەخت دەکاتەوە لە خزمەتکردنى زیاترى کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئێمەش بۆ جێبەجێکردنى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانیان لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکاندا.
چونکە هەرچییەک بکرێت بۆ کەسوکاری سەربەرزى شەهیدان و بەرکەوتوانی چەکی کیماوی ناگاتە گەورەیی و دڵۆپێک لە خوێنیان.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختیکردەوە: دەبێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و قەربووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکاری گونجاو دەگرینەبەر.