Skip to the content

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیکرد لە سکرتێری باڵای چاکسازی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەممە 2021/3/4 عبداللە حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لێژنەی باڵای چاکسازی.

لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی وەزارەت، باس لە ئیش و کاری لێژنەکانی چاکسازی کرا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی (2020) بۆ زیاتر چەسپاندنی دادپەروەری تاوتوێ کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر پڕۆسەکانی پێداچوونەوە و پاکتاوکردنی دۆسیەکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.

دەرکردنی چەندین رێنمایی و رێکار لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بۆ کارئاسانی و روونکردنەوە و جێبەجێکردنی ووردی یاساکە بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا و ماندووبوونی لێژنەکان لەو بارەیەوە بەرز نرخێندرا.

دواتر بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی ئیش و کاری لێژنەکان، سەردانی هەردوو لێژنەی سکاڵا و لێژنەی وردبینی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسییان کرد و هەردوولا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاساکە کردەوە بۆ زیاتر بەدیهێنانی دادپەروەری و گەڕانەوەی ماف بۆکەسانی شایستە، لە کۆتاییدا هەموو پشتگیری و پشتیوانیەکیشیان بۆ لێژنەکانی چاکسازی دووپات کردەوە.