بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی شاندێکی وەزارەت سەردانی هەرسێ بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی شارەکانی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەممە 2021/3/11 بە ئامانجی بەسەركردنەوە و ئاگاداربوون لە چۆنيەتی ئيش و كارەكانی ليژنەكانيان و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ياسای چاكسازی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ لەسەرفەرمانی وەزيری كاروباری شەهيدان و ئەنفالكراوان، لە ڕۆژانی ٢ و ٧ و ١٠ ی ئاداری ٢٠٢١، شاندێكی وەزارتمان بە سەرپەرشتی بريكاری وەزارەت و بە ياوەری بەڕێوەبەری گشتی ديوان و ژمارەيەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرەكانی وەزارت، سەردانی هەرسێ بەڕێوەبەرايەتيە گشتيەكانی كاروباری شەهيدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی و هەولێر و دهۆكيان كرد.
لە هەرسێ سەردانەكاندا شاندی وەزارەت بە ووردی تيشكيان خستە سەر ياسای چاكسازی و ئاماژەيان بەوە كرد كە پرس وپرۆسەی چاكسازی يەكێكە لە درووشمە سەرەكيەكانی كابينەي نۆيەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان و لەلايەن پەرلەمانی كوردستانەوە ياسای بۆ دەركراوەو لەلايەن سەرۆكايەتی ئەنجومەنی وەزيرانيشەوە پەيڕەوی بۆ دەركراوەو وەزارەتيشمان بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی بڕگەو مادەكانی ياساكە چەندين ڕێنمايی و ڕێكاری بۆ دەرکردووە و بەردەوامیشە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی پاكسازی بكات لە دۆسيەی فەرمانبەران و شەهيدان و زيندانيانی سياسی و تاقانەكانی جينۆسايد و لەم بارەيەشەوە هەنگاوی گەورە نراوە بە ئاراستەی بەديهێنانی دادپەروەری و گەڕانەوەی ماف بۆ كەسانی شايستە، چونكە خەڵك و حكومەتيش چاوەڕوانی ئەنجام و ئاكامە گرنگ و دڵخۆشكەرەكانی پرۆسەی چاكسازيە لە زۆربەی ئەو سێكتەرانەی كە دەچنە چوارچێوەی حوكمەكانی ياساكەوە.
لة هەرسێ سەردانەكاندا تاوتوێی گيروگرفت و لەمپەرەكان كراو لەلايەن شاندی وەزارەتەوە ڕونكردنەوەی پێويستیان لەبارەوە درا و چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكان دانراو لە هەمانكاتدا هەموو پشتگيری و پشتيوانيەكی وەزارەتيان بۆ لێژنەو تيمەكانی چاكسازی هەر سێ بەڕێوەبەرايەتيەگشتيەكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دووپات كردەوە لە دۆسيەی شەهيدان و زيندانيانی سياسی و تاقانەكانی جينۆسايد..
لە تەوەرێكی تری ئەو كۆبونەوانەدا ئاماژە بەوە كرا كە چاكسازيكردنی ڕاستەقينە بووەتە ئەركێكی نيشتمانی و نەتەوەیی و بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێگاڕاست و دروستەش دەبێ بە ڕۆحێكی نيشتمانيانەو پشوو درێژی و دوور لە هەموو كاريگەرييە دەرەكی و ناياساييەكانەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێ.
لەكۆتاييدا لەلايەن بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكانەوە چەندين پرسيار و ڕاوسەرنجی گونجاو گفتوگۆيان لەبارەوە كراو لەلايەن شاندی وەزارەتيشەوە وەڵام و ڕونكردنەوەی پێويستيان لەبارەوە درا .وێڕای بەڵێنی پاڵپشتی و دابينكردنی سەرجەم پێداويستیەكان بؤ ليژنەكان، لەهەمانکاتدا كار و ماندووبوونی ليژنەكانی چاكسازيش لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بەرزنرخێنرا و جەخت لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە كرايەوە بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندی گشتی خانەوادەی سەربەرزی شەهيدان و ئەنفالكراوان و تاقانەكانی جينۆسايد و زيندانيانی سياسيدابێ.....
شياوی ئاماژەپێدانە بڕیاروایە ئەم زنجیرە سەردان و بەدواداچونانەی وەزارەتمان بەردەوام بێ بۆ بەسەرکردنەوەی بەڕێوەبەرايەتييە گشتيیەكانی تری وەزارەتمان لە داهاتوودا...