خزمه‌تكردنی كچ و كوڕی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی له پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێکەوتى ٢٥/٥/٢٠٢١ عه‌بدوڵا حاجی مه‌حموود وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازی لە شاندێکى زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى کرد کە پێکهاتبوون لە کامه‌ران ئه‌حمه‌د جێگرى سەرۆکى بۆردى ئەمیندارانى زانکۆ و ژماره‌یه‌ك له مامۆستا و به‌رپرسانی زانكۆكه.
لە دیدارێکدا باس لە بابەتى خوێندنى کچ و کوڕى شەهیدان و زیندانیانى سیاسی کرا و تیشک خرایە سەر گرفتەکان و دانەوەى قەرزەکانى خوێندنى ساڵانى ڕابردوو، به تایبه‌ت كه ئێستا ڕەزامەندى نیشان دراوە بۆ خەرجکردنى بڕى زیاتر لە (١٩) ملیار دینار بۆ کرێى خوێندنى کچ و کوڕى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، كه لە لایەن وەزارەته‌وه لیژنە پێکهێنراوە و هەنگاوى پێویست گیراوەتەبەر، هه‌روه‌ها بۆ چارەسەرکردنى ئەم گرفتە دەست کراوە بە دانەوەى قەرزەکانیان و هەوڵەکانى وەزارەت لەم ڕووەوە بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتى زیاترى کچ و کوڕى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى.