Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە لایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەبارەی ھەوڵی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی فەڕەنسا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی وڵاتێکی گەورەی وەکو فەڕەنسا ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی ناساندنی زۆرتری تاوانەکانی بەعس و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا. بەتایبەتیش کە دەقی پڕۆژە بڕیارەکە جگە لە چوارچێوە یاساییەکەی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە گرنگییەکی زۆری ھەیە و دەکرێت وەکو بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی لێی بڕوانرێت و ببێتە بناغەیەک بۆ کارکردن لەسەر ناساندنی تاوانەکان لە ئایندەدا".

ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوی  وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانە:

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ..
قوربانیانی تاوانەکانی جینۆسایدی دەستی بەعس ..

ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١، لە دەستپێشخەرییەکی بوێرانەدا، دڵسۆزانی گەلی کوردستان لە پەرلەمانی فەڕەنسا و پاش ماوەیەکی زۆر کارکردن لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس دژ بە کورد، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فەڕەنسا پڕۆژە بڕیارێکیان بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە سەردەمی عێراقی بەعسدا بۆ دەنگدان خستە ڕۆژەڤەوە و پاش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە، بە داخەوە دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا و پەسەند نەکرا.

ھەرچەندە بە گەڕانەوە بۆ ماددەی (٢)ی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی بکەرانی لە ساڵی ١٩٤٨دا و ھەروەھا ماددەکانی ٦ و ٧ و ٨ ی پێڕەوی بنەڕەتی ڕۆما تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٨دا و پاشانیش پڕۆتۆکۆڵی ژنێڤی ساڵی ١٩٢٥ تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارھێنانی گازی ژەھراوی لە شەڕدا، تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ شانبەشانی چەندین تاوانی تر کە ڕژێمی بەعس دژ بە کوردی ئەنجام داوە دەچنە ھەمان چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی تایبەت بە جینۆساید، بەڵام لەوەش دڵنیاین بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە بەتایبەتیش لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کاتی زیاتر و ھەوڵ و ماندووبوونی زۆرتری دەوێت.

کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی وڵاتێکی گەورەی وەکو فەڕەنسا ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی ناساندنی زۆرتری تاوانەکانی بەعس و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا. بەتایبەتیش کە دەقی پڕۆژە بڕیارەکە جگە لە چوارچێوە یاساییەکەی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە گرنگییەکی زۆری ھەیە و دەکرێت وەکو بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی لێی بڕوانرێت و ببێتە بناغەیەک بۆ کارکردن لەسەر ناساندنی تاوانەکان لە ئایندەدا.

بەناوی کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدی کورد، ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ گەل و حکوومەتی فەڕەنسا کە ساڵانێکی زۆرە پشتیوانی دۆزە ڕەواکەمانن و ھەروەھا بۆ ھەموو ئەو پەرلەمانتار و کەسایەتییانەی کە لە ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە گرنگە و ھەوڵی ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان ڕەنجیان دابوو، بە تایبەتیش ژان کریستۆف لاگارد سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات.

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەکاتێکدا ئەوپەڕی ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پەرلەمان و ڕێکخراو و کەسایەتی و ناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی زیاتر ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان، لە ھەمان کاتدا داوا دەکات پەسەندنەکردنی ئەم یان ئەو پڕۆژە بڕیار لە ھەوڵی بەردەوامی ناساندنی تاوانەکان و جینۆسایدی کورد ساردمان نەکاتەوە.