Skip to the content

تیمێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- تیمێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچە جیاجیاکانی سووریا کە بە ھەماھەنگی ڕێکخراوی ئارسان بۆ ڕاھێنان و ڕاوێژکاری و لەپاش وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان مەشق و ڕاھێنانەکانیان ھێنابووە شاری ھەولێری پایتەخت، لە لایەن بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان پێشوازییان لێکرا.

لە گوتەیەکیدا بریکاری وەزارەت ئاماژەی بە کاروچالاکییەکانی وەزارەت کرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردن و ھەماھەنگیکردن لە بواری دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی گەلی کوردستان پاڵپشت بە یاسای پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق.

تیمی پسپۆڕانی ئەمەریکی و ئەرجەنتینی لەسەر بانگھێشتی (منظمة العدالة و المسائلة)ی سووری و بە سپۆنسەریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کار دەکەن بۆ ڕاھێنانی تیمێکی ٤۰ کەسی وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سووریا. شیاوی باسە تیمەکە لە پاش ھەماھەنگی بریکاری وەزارەت، سەردانی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردنیان کرد لەشاری دھۆک بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی و ھەماھەنگی دوولایەنە.

ھەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریاندا کە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەر دوو لادا واژوو بکەن بە ئامانجی سوود وەرگرتن لە کارە پراکتیکییەکانی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەر کردنیان لە پارێزگای دھۆک.

لەکۆتاییدا تیمی ڕاھێنەرانی نێو دەوڵەتی ستایشی ھەماھەنگی و ھاوکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانیان کرد بۆسەرخستنی کارەکانی تیمەکەیان لە ھەرێمی کوردستان.