وەزارەتی شەهیدان دۆسیەی شەهیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەگوازێتەوە
![](/media/8274/249536884_424205222396355_7667215280160315266_n.jpeg?center=0.2864864864864865,0.50902527075812276&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132798037950000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) کاتژمێر ۱۰ ی سەرلە بەیانی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲٦ ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۱ بە سەرۆکایەتی عبدللـە حاجی محمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بە ئامادەبوونی بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدان دەستیپێکرد.
لەکۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانەوە گفتوگۆیان لە بارەوە کرا، لەوانە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەوڵدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و زەوی وکارکردن بۆ یەکلایی کردنەوەی گرفتی بەناوکردن و تۆمارکردنی زەوی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی.
ھەروەھا تیشک خرایە سەر بابەتی گواستنەوەی دۆسیەکانی شەھیدان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان.
ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی داھاتوو بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە درا.