Skip to the content

وەزارەتی شەهیدان دۆسیەی شەهیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەگوازێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) کاتژمێر ۱۰ ی سەرلە بەیانی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲٦ ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۱ بە سەرۆکایەتی عبدللـە حاجی محمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بە ئامادەبوونی بریکار و راوێژکاران و  بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدرا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدان دەستیپێکرد. 

لەکۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانەوە گفتوگۆیان لە بارەوە کرا، لەوانە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەوڵدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و زەوی وکارکردن بۆ یەکلایی کردنەوەی گرفتی بەناوکردن و تۆمارکردنی زەوی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی.

ھەروەھا تیشک خرایە سەر بابەتی گواستنەوەی دۆسیەکانی شەھیدان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان. 

ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی داھاتوو بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی  گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە درا.