کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی خەرجییەکانی وەزارەت لەسەر بنەمای ڕێنماییە داراییەکان ئهنجام درا
![](/media/8185/247495542_420381632778714_4796304737634692231_n.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132792766350000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، لە دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئیش و کارەکانی وەزارەت لەسەر بنەمای ڕێنمایی دارایی ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێکخرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرۆکایەتی عهبدوڵا حاجی مهحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕێکخرا، خەرجییەکانی وەزارەت لەسەر بنەمای ڕێنمایی دارایی ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٢٠ تاوتوێ کرا.
کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەرانی کاروباری یاسایی و چاودێری و وردبینی و ژمێریاری ئەنجامدرا، گفتوگۆ کرا لەسەر پرەنسپی خەرجییەکانی وەزارەت بە جۆرێک کە بە پێی بارودۆخی دارایی زۆرترین خزمەت بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید بکرێت و لەوبارەیەوە ڕێکاری گونجاو دانرا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە خزمەتگوزاریی کرێی خوێندنی کچ و کوڕی شەھید و زیندانیانی سیاسی کرا بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٢٠.