شاندێکی کونسوڵخانەی ئەرمینیا سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵیان کرد
![](/media/11013/whatsapp_image_2022-04-12_at_120611.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132942320520000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۲ ی نیسانی ۲۰۲۲ کونسوڵی گشتی کۆماری ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان ئارشاک مانوکیان لەگەڵ ھەریەک لە ئەندرانێک ھاروتونیان جێگری کونسوڵی گشتی و ھێمن مام ڕەش سەرۆکی ڕێکخراوی دۆستایەتی کورد و ئەرمەن سەردانی قەزای چەمچەماڵیان کرد و لەبەشێکی سەردانەکەدا بە یاوەریی قایمقامی قەزاکە و سەرۆکی زانکۆی چەرمۆ، مۆنۆمێنتی شەھیدان و ئەنفالکراوانیان بەسەرکردەوە و لەلایەن ھابیل حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتەکە و فەرمانبەران و کارمەندانەوە پێشوازی کران.
کونسوڵی گشتی کۆماری ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان دوای دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم پەیکەر و سمبولی شەھیدان قوربانیانی جینۆساید لە مۆنۆمێنتەکە لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند کە ھەردوو گەلی کورد و ئەرمەن جگە لە کەلتوور و مێژووی ھاوبەش، لە ناخۆشیشدا خاڵی ھاوبەشیان ھەیە کە ھەردوو میللەت لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بۆیە دەکرێت سوود لە ئەزموون و شارەزایی یەکتر ببینین لەپێناو ناساندنی ئەو پرسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
گوتیشی: "ئێمە ئامادەی ھەموو ھەماھەنگی و پشتیوانیەکین لە پێناو کاركردنی ھاوبەش و ئاڵوگۆڕی توانا شارەزاییەکانی ھەردوولا".