لە ڕێورەسمێکدا لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ یادی شەهیدانی ئەنفال کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ / ٤ / ٢٠٢٢ عبداللە حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدن و ئەنفالکراوان بەشداریکرد لە مەراسیمی یادی ٣٤ ساڵەی شەھیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ،لە دوای ساتێک وەستان بۆڕێزلێنان لە شەھیدان و خوێندنی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، وەزیر وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمەی خوارهوه دهقی وتارهكهیه:
کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان.
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گەورەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستاندا ، ئەنفال بەشێک بوو لە زنجیرە و پلانێکی دڕندانەی دوژمنانی گەلەکەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو جگەلە خاپوور کردنی گوندەکان و ئەنفالکردنی خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی ھاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، مەرامی سڕینەوە و لەناوبردنی خەڵکە سڤیلەکەی و تێکدانی ژینگە و کەلتوور و زمان و جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو بە گشتی، پاش تێپەڕبوونی کەمتر لە (٣) سێ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی ١٩٩١ خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ڕاپەڕین و بەیەکجاریی کۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس ھێنا لە کوردستان.
کەس و کاری قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەھێنینەوە کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر کەیسی ئەنفال، دواجار لە ڕۆژی ٢٤ / ٦ / ٢٠٠٧ پاڵپشت بە سەرجەم بڕگە و ماددە یاساییەکانی دادگاو وتەی شایەد حاڵەکان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکان گەیشتە ئەو بڕیارەی کە پڕۆسەکانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، ھەر بۆیە کۆی پڕۆسەکەی بە جینۆساید ناساندو بڕیاری بە سزا گەیاندنی ئەنجامدەرانیشیدا.
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەھیدەکانمان لە مەرگەساتەکانداو بە تایبەتیش یادی شەھیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەھیدانی ئەو کارەساتە دەکاتەوە و یادو بیرەوەریان بەرز و پیرۆز ڕادەگریت
کەس و کاری سەربەرزی شەھیدانی جینۆساید و تاقانەکانی جینۆساید
حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە کاتێکدا درێژە بە ھەوڵەکانیان دەدات بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە ھەمان کاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتکردنی زیاتری کەس و کاری شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆسایدن.
ھەر بۆیە جارێکی تریش جەخت لەسەر داواکاری ڕەوای خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیان دەکەینەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (١٣٢)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەرکە یاسایی و دەستووریەی خۆی ھەستێت و لە ھەمان کاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکوژیانە لە عێراقی نوێدا ھەرگیز دووبارە نابێتەوە.
نەمریی بۆ شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەھیدانی کوردستان
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان.