Skip to the content

وەزیری شەهیدان سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدانی ئەنفالی لە قەزای چەمچەماڵ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان عەبدوڵڵا حاجی مەحمود بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەچوونی ٣٤مین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال، سەردانی قەزای چەمچەماڵ و مۆنیۆمێنتی شارەکەی کرد.

بە مەبەستی بەدواداچوونی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ٣٤ەمین ساڵیادی شەھیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە یاوەریی ئەدیب لەتیف بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد.

وەزیری کارباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە مۆنۆمێنتی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید لەلایەن ھەریەکە لە رەمک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و سەلمان رەمەزان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ و ھابیل حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنت پێشوازیان لێکرا. 

لەو سەردانەدا، جگە لە بەدواداچوونی ھەنگاوەکانی ئامادەکاریی یادەکە، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی خزمەتگوزارییەکان و کاروباری کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید کردەوە، ڕاشیگەیاند وەزارەت بە ھەموو توانایەکیەوە ھەوڵی زیاتر دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و وەک ھەمیشە لە ھێنانەدی خواست و داواکارییە ڕەواکانیان بەردەوام دەبێت.