یادی ٣٥ ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسان کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ١٦ / ٤ / ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بە یاوەریی داماو محەمەد حەوێز، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر و قائیمقامی قەزای شەقڵاوە و بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ناوچەکە و کەسوکاری شەھیدان و قوربانیان کیمیاباران و جەماوهری ناوچەکە، لەمەڕاسیمێکدا لە گۆڕستانی شەھیدان لە بالیسان یادی ٣٥ ساڵەی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا چەند وتار و چاڵاکییەک پێشکەش کران و ئامادەبووان تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی شەھیدان دانا .
جێگەی باسە، لە ١٦ / ٤ / ١٩٨٧ ڕژێمی بەعسی عێراق هەر دوو شارۆچکەی بالیسان و شێخ وەسانانی سەر بە قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێری، بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد و سەدان کەس شەھید و برینداربوون و ئەمەش تاوانێکی دیکەی ڕژێمی بەعس بوو لە چوارچێوەی ئەو جینۆسایدەی کە دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامی دا.