Skip to the content

یادی ٣٤ ساڵەی جینۆسایدی بادینان بەرز ڕاگیرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- بە بەشداری کەسوکاری شەھیدانی جینۆسایدی بادینان و بەرپرسانی حکومی و حزبی ناوچەکە و ئامادەبوونی بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ۳٤ھەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان لە شاری دھۆک بەرز ڕاگیرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە چاودێری پارێزگاری دھۆک ئەنجامدرا، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و بواری جینۆساید و پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک و پیاوانی ئایینی ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکاری جینۆسایدکراوان ئامادەی بوون، کە چەندین وتار و پەیام و چالاکی ڕوناکبیری و ھونەری  پێشکەشکران.

ڕێوڕەسمی ۳٤ ساڵەی شەھیدانی جینۆسایدی ئەنفالی بادینان لە قەڵای نزارکێ بەڕێوەچوو کە لەو شوێنەدا ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە میانەی جێبەجێکردنی پلانە نەگریسەکانی بۆ جینۆسایدکردنی کوردستانیان، خەڵکی سڤیلی بادینانی لەو قەڵایەدا  کۆکردەوە، و بەشێکی زۆریانی ڕەوانەی زیندان و بیابانەکانی باشووری عێراق کرد و دوور لە ھەموو بەھا مرۆییەکان جینۆسایدی کردن.