بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژکردنی کوردە ئێزدییەکان بەرز رادەگرێت.
ئەوەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە:
بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا:
خانەوادەى سەربەرزی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی...
٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە.
لە ڕۆژی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی ڕێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" شاری شنگال و دەوروبەریان داگیرکرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە؛ سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینیی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنرا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە.
لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانیی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگووم و کۆمەڵکوژ کران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران و تا ئێستاش چارەنووسى هەزاران قوربانییان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٣٦٠ هەزار لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
خەڵکی ستەملێکراو و خۆڕاگری شنگال و دەورووبەری...
داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئاینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئاینیی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکانیان و بە زۆر گۆڕینی ئاین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلەکردنیان و دەستدرێژیی هەمەچەشنە، کە دواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی و جینۆساید.
دایکانی جگەر سووتاو و کەسوکاری ڕفێنراوانی ئێزدی...
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە هەمانکاتدا کاری زۆریشى کردووە بە ئامانجی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای حکوومی پێکهێناوە بە ناوی لیژنەی باڵای بهجينۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر، هەروەها بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تیمی هەماهەنگیی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکانی عێراق بە مەبەستی کارکردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
لەم یادە دا ستایشی دەرکردنی بڕیاری(٢٣٧٩)ی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین لە ٩ی ئابی ٢٠١٧ تایبەت بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق ناسراو بە (یونیتاد). داواکاریشین کە پەلە بکرێ لە میکانیزم و ڕێکارەکانى درووستکردنى دادگایەکى تایبەتمەند بۆ بەسزاگەیاندنى ئەنجامدەرانى ئەو جینۆسایدە، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەکانی هەردوو پەرلەمانی بەلجیکا و هۆڵەندایش دەکەین کە لەم دواییانەدا وەکو دوو وڵاتی ئەورووپی ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساند؛ سەربارى بڕیارى یەکێک لە دادگاکانى وڵاتى ئەڵمانیا و کارکردنى پەرلەمانى ئەڵمانیاش بۆ هەمان مەبەست، لەگەڵ ئەو وڵاتانەش کە پێشتر ئەم مەرگەساتەیان بە جینۆساید ناساندووە، یاخود کاری لەسەر دەکەن.
جێگای ئاماژەپێدانە کە پەرلەمانی کوردستانیش بە هەماهەنگیی وەزارەتمان رۆژی ٣ی ئابی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساندووە ساڵانەش لە لایەن وەزارەت و بە هەماهەنگىی پارێزگاى دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان، یادى شەهیدان و قوربانیانى ئەم جینۆسایدە دەکرێتەوە.
لەم یادە کارەساتبارەدا وێڕای ئەوەی کە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی، لە هەمانکاتدا داواکارین کە حکوومەتی عێراقی فیدڕالیش لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبوان و رزگارکردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنى شەنگال و ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکە، کە بەو هەنگاوانەش ئومێد دەکرێت بەشێک لە ئازاری لەبننەهاتووی ئێزدییەکان سارێژ بکەین و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ خۆیان و دەڤەرەکەیان بگەڕێنینەوە، لەگەڵ شایستەبوونى قوربانیان و کەسوکارى شەهیدان و لە ماف و ئیمتیازاتەی یاسا بەرکارەکانى عێراقى فیدڕاڵ و هەماهەنگى نێوان هەر دوو حکوومەت بۆ درووستکردنى گۆرستانێکى تایبەت و مۆنۆمێنتێکى شایستە بۆ قوربانییانى ئەو جینۆسایدە لە شەنگال.
دروود بۆ گیانی قوربانیانی ئێزدییەکان
سڵاو لە خۆڕاگریی خانەوادەی جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
٣ ی ئابی ٢٠٢٢