Skip to the content

شاندێکی رێکخراوی ھاوکاریی ئەڵمانی سەردانی وەزارەتی شەھیدانیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) شاندێکی رێکخراوی ھاوکاریی ئەڵمانی سەردانی وەزارەتی شەھیدانیان کرد و لەلایەن وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان عەبدوڵا حاجی مەحموود پێشوازییان لێکرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱٨ی ئابی ۲۰۲۲،  وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان عەبدوڵا حاجی مەحموود لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی ھاوکاریی ئەڵمانی بە سەرپەرشتی دکتۆرە کارینا سەرۆکی ڕێکخراوەکە کرد.

لە دیدارێکدا شاندی ڕێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی زارەکییان لەسەر کار و چالاکییەکانی ساڵانی ڕابردووی ڕێکخراوەکەیان پێشکەشکرد لە پارێزگای سلێمانی و دەڤەری گەرمیان بەتایبەتی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان.

لە بەرانبەردا وێڕای دەستخۆشی لە ھەر کار و پڕۆژەیەک کە لە خزمەتی خانەوادەی قوربانیاندا بێ، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان روونیکردەوە کە وەزارەتەکەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان.

هەروەها جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو ئەو لایەنانە کرایەوە کە خواستیان خزمەتکردن بێت بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان.