Skip to the content

ناسنامە و مەدالیای تایبەت بۆ تاقانەکانی جینۆساید دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٣ ئابی ٢٠٢٢، عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لە دیوانی وەزارەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی وەزارەت، پێشوازی لە ژمارەیەک لە تاقانەکانی جینۆساید کرد.

لە دیدارێکدا باس لە کێشە وگیروگرفتەکان و ماف و ئیمتیازاتەکانی تاقانەکانی جینۆساید کرا، و وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە نزیکەوە گوێبیستی داواکارییەکانیان بوو، و بەڵێنی پێدان کە کار لەسەر داوا ڕەواکانیان بکات و ڕاشیگەیاند: کە لەم کابینەیەدا وەزارەتمان لە ڕێگەی لیژنەی وردبینی لە دۆسیەی تاقانەکان بۆ یەکەمجار بە شێوازێکی یاسایی توانی ٣٦١ کەس وەک تاقانەی جینۆساید بناسێنێت.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختیی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا لە پلانی وەزارەتدایە کە لە چوارچێوەی یاسای تاقانەکاندا ناسنامە و مەدالیای تایبەت بۆ سەرجەم تاقانەکانی جینۆسایدی کوردستان دروستبکرێت و لە ھەوڵەکانیشیان بۆ خزمەتکردنی قوربانییان بەردەوام دەبن.