یادی شەھیدانی بینا سووتاوەکەی سیروان بەرز ڕاگیرا
![](/media/13735/whatsapp_image_2022-08-07_at_101930.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133043495540000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) لە رێوڕەسمێکدا یادی ٣٦ ساڵەی شەهیدانی بینا سووتاوەکەی سیروان بەرز ڕاگیرا. بە ئامادەبوونی ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە و کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی حیزبی و حکوومیی ناوچەکە، یادی ئەو ٢٠٠ شەهیدەی ناحیەی سیروان بەرز راگیرا کە ساڵی ١٩٨٦ لە بۆردومانێکدا شەهید بوون. لە رێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی هاووڵاتیانی ناوچەکە و کەسوکاری شەهیدان بەرێوەچوو، رێز لە یاد و ناوی ئەو ٢٠٠ شەهیدە گیرا.
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی "ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی نەتوانراوە بەشێوەیەکی شایستە یادی شەهیدانی بینا سوتاوەکەی سیروان بکرێتەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەو کەسانەی لەو ڕووداوەدا زیانمەندبوون، ئەویش بە تۆمارکردنیان وەک شەهیدی هاووڵاتی.
ڕۆژی ٦ی ئابی ١٩٨٦، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانی ڕاگوێزراوی گوندەکانی ھەورامان بۆ خۆپاراستن لە شەڕی ئێران- عێراق لە قوتابخانەیەکی ناحیەی سیروان خۆیان پەنادابوو ، تۆپێک بەر بیناکە دەکەوێت و لە ئەنجامدا ئەو بەرمیلە نەوتانەی لەبەردەم بیناکە بوون گڕ دەگرن و بەھۆیەوە ٢٠٠ ھاووڵاتی لە ژن، منداڵ و پیاو شەھید بوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.