Skip to the content

٢٦٠ پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەش دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ٢٦٠ پارچە زەوی لە قەزای چەمچەماڵ بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشکرا و پێدانی ئەو پارچە زەویانە لەسەر بنەمای فەرمانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو لە رێکەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، کە ھەریەک لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار بۆ ئامادەکاری و وردبینی کردن لە ناوی کەسەکان راسپێردرابوون بۆ پێدانی ئەو زەوییانە.

لە فەرمانەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتبوو کە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٨) لە رۆژی ١١/ ٢/ ٢٠١٧ و لە ژێر رۆشنایی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوەکان لە ھەرێمی کوردستان ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکرا و گیراوانی سیاسی کوردستان ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ بڕیار درا بە جێبەجێ کردنی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٨٦٧،٨٦،٨٦٩) لە رێکەوتی ٢١/٢/٢٠١٨ تایبەت بە تەرخان کردنی زەوی بۆ ١١ ھەزار و ١٤١ ھاووڵاتی لە میراتگرانی شەھیدان و ئەنفالکراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ھەرێمی کوردستان.

فەرمانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەو کارە دوای وردبینی کردن لە تەواوی ناوەکان و دڵنیابوون لە بوونی مەرجەکانی تەرخانکردنی زەوی تیایاندا، ئەوەش لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕە کە نوێنەری ھەریەک لە وەزارەتەکانی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون و شارەوانی و گەشتوگوزار تێدا بێت.

ھەر بەپێی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیران، پێویستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کاری پێویست ئەنجام بدات بە وردبینی کردنی لیستی ناوەکانی مامەڵەکانی تەرخانکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان (کەلار و کفری) لەگەڵ دابینکردنی زەوی پێویست بۆ مەبەستی جێبەجێ کردنی فەرمانەکە.