Skip to the content

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: حکوومەتی عێراق ھەرچی زووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- عەبدولڵای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٣٩ ساڵەی بارزانییەکان کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە هێنانەوەی ڕووفاتی ١٠٠ ئەنفالی بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد.

وتاری٣٩هەمین ساڵیادى جینۆسایدى بارزانییەکان لەلایەن بەڕێز عبداللە حاجى محمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان.

بەناوى خواى گەورەى میهرەبان

بەرێز جەنابی سەرۆک بارزانی
بەرێز جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
بەرێز جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
بەڕێزان/نوێنەرانی لایەنەسیاسیەكانی هەرێمی كوردستان وعێراق
نوێنەرانی وڵاتان و كونسوڵگەریەكان لەهەرێمی كوردستان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێكخراوە كانی كۆمەڵگای مەدەنی
ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران
بەڕێزان كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان
‎خانەوادەی قوربانییانی جینۆسایدی بارزانیەكان .
میوانە بەرێزەكان

بەناوى بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخێرهاتنی هەمولایەكتان دەكەین .

‎ئەمرۆ ٣٩ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانێكی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکان كە تێیدا (8)هەزار مرۆڤی بێتاوان تەنها بەهۆی كوردبوونیان جینۆسایدكران.
جینۆسایدی بارزانییەكان سەرەتای پیلانێكی گەورە بوو بۆ لەناوبردن و پاكتاوکردنى گەلەکەمان
دوژمنانی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە دەڤەرى بارزانی مەڵبەندی تێكۆشان و خەباتیان كردە ئامانج و دڕندانەترین تاوانیان دەرحەق بە خەڵکە تێکۆشەرەکەی ئەنجامدا هەر لە ساڵی 1977وە هەزاران خێزانیان بەرەو شارەكانی ناوەراست و باشووری عێراق ڕاگوێزا، بۆ ئەوەی دووریان بخەنەوە لە کوردستان و دایان ببڕن لە چیا و گوندەكانیان و دەرفەت نەمێنێتەوە بۆ ئاوەدانى و ژیان و گوزەرانێکى ئارام. دواتر ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاكانی قوشتەپە و بەحركەو هەریر و گۆڕەتوو و دەوروبەری هەولێر.

سەرەڕای ئەوەى کە ئەم ڕاگواستنە بووە مایەى زەرەرو زیانێکى گەورە بۆ خەلکى ناوچەکە، بەڵام پیلانێکى گەورەتر هەبوو بۆ ئەنجامدانى تاوانێك كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
‎ئەوە بوو لە كۆتایی تەموزی ساڵی 1983 یەكەمین قۆناغی جینۆساید بارزانیەكان دەستیپێكرد و بە سێ قۆناغ و لە ماوەی 12 ڕۆژدا (٨)هەزار مرۆڤی بێتاوان لە بیابانەكاندا بێسەروشوێن كران.
دوای ئەم تاوانە گەورەیە ڕژێمی بەعس لەسەر پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی بۆ سڕینەوە و لەناوبردنى گەلی كوردستان بەردەوامبوو بەكیمیابارانكردنی هەڵەبجە و چەند ناوچەیەكی تر و وێرانكردنی گوندەكان و ڕاگواستن و پرۆسەی شاڵاوەکانى ئەنفال لە ساڵی 1988 كە بەپێی هەموو بەڵگەکان تاوانی جینۆسایدن و بەوەش گەلی كوردستان دەچێتە ئاستی ئەو گەلانەی كە زۆرترین تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە.

بەڕێزان :
ئەمڕۆ كە ئەم یادە دەكەینەوە بۆ جارێکى تر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پێشوازی لە رووفاتی بەشێکی تر لە قوربانیانی جینۆسایدى بارزانییەکان دەکات کەژمارەیان(١٠٠)سەد ڕووفاتە و لە گۆرە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی (عفایف دوو)ى پارێزگای موسەننا لە گۆرێکى بەکۆمەڵدا جینۆسایدکرابوون ئێستاش بە شکۆ وە هێنراوەتەوە بۆ خاکی نیشتیمان و لێرەشەوە بەڕێز و شکۆوە بەڕێیان دەکەین بۆ زێدى باو و باپیرانیان لە گۆرستانى جینۆسایدکراوانى بارزان بەخاک دەسپێردرێن.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان :
هەرچەندە زیانەكانی جینۆساید و دەرئەنجامە تاڵەكانی زامێكی قوڵی جەستەی ئەم نەتەوەیەن و ساڕێژبوونیان ئەستەمە،بەڵام مایەی شانازییە بۆ ئێوە و میللەتەكەمان كە ئەو نەمرانە لە بەهەشتی یادو زاكیرەی بەكۆمەڵی ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەی ئیلهامی ژیان و بەرخودانن و تاوانبارانیش لە دۆزەخی بیرەوەری مرۆڤایەتی و مێژوودان.
‎ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەرک و ئامانجیەتى لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا هەموو تواناكانى بخاتەکار تا خزمەتی شایستە پێشكەش بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و و بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى تاقانەکانى جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بکەین.
هەروەها هەوڵەکانمان بەردەوامدەبن لە پڕۆسەى بەدواداچوون و دۆزینەوەو هەڵدانەوەى گۆرى جینۆسایدکراوان و گەڕانەوەى ڕووفاتى شەهیدان بۆ باوەشى نیشتیمان.
‎لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە دەبێت حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەرچی زووە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بكاتەوە و كاربكات بۆ جێبەجێکردنى ماددەى( 132)ى دەستوور و بڕیارى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ ئەوەى ژیانێكی شایستە بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدى گەلى کوردستان دەستەبەر بکرێت و داواش لە گۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانیی دەكەین تاوانەكانی كۆمەڵكوژی کوردستان هاوشێوەی جینۆسایدەکانى تری مێژووی مرۆڤایەتی بەجینۆساید بناسێنن.
لێرەدا هەوڵەکانى ئەو کەسایەتى و لایەنانە بەرز ئەنرخێنین کە کاریان کردووە بۆ بەجینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى کە بەرامبەر بە گەلى کوردستان ئەنجامدراون، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانى لە ناوەو و دەرەوەى هەرێم بۆ بەرەو پێشبردن و بەجینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى کە دەرحەق بە گەلى کوردستان ئەنجام دراون.

نەمری بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان...

سەربەرزی و شكۆمەندی بۆ كەسوكاریان..

عبداللە حاجی محمود
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان