Skip to the content

بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە بیرەوەریی ٣٩ ھەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە بیرەوەریی ٣٩ ھەمین ساڵیادی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکاندا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک یادی ئەو تاوانەی دەرحەق بە گەلەکەمان بەرز راگرت.

ئەوەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:

بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە بیرەوەری ٣٩ ھەمین ساڵیادی شەھیدان و قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان

بەڕێزان کەسوکاری سەر بڵندی شەھیدان و خانەوادەی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان 

ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە درێژەی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیدا دژ بە گەلی ستەملێکراوی کوردستان، ٣٩ساڵ بەر لەئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، دەستیکرد بەکۆمەڵکوژی بارزانییەکان، ئەوەش سەرەتای پیلانێکی گەورە بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەی خۆی بە ئازادی بژی .

جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تاوانێکی گەورەی دژبە بەھاکانی مرۆڤایەتی بوو کە تیایدا  ٨  ھەزار مرۆڤی بارزانی بێتاوان تەنھا بەھۆی کورد بوون و مێژووی تێکۆشانیان بۆ ئازادی جینۆساید کران.

دوابەدوای ڕێککەوتننامە بەدناوەکەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ڕژێمی بەعس کەوتە داڕشتنی پیلانی لەناوبردنی  گەلی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتاوە مەڵبەندی تێکۆشانی سەدەیەک خەبات و زێدی شۆرشگێرانیان لە بارزان کردە ئامانج، ئەوە بوو ھەر لە ساڵی ١٩٧٧دا ھەزاران خانەوادەی بارزانییەکانیان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕاگوێزا، دواتر گوازرانەوە بۆ ئۆردوگاکانی بەحرکە، قوشتەپە، ھەریر و گۆڕەتوو دەوروبەری ھەولێر و پیلانی نەخوازراوی رژێمی بەعسی رووخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی بارزانییەکان تا لە ڕۆژی ٣١ی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ یەکەمین قۆناغی جینۆسایدی بارزانییەکان دەستیپێکرد و  بە سێ قۆناغ لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا نزیکەی ٨ ھەزار مرۆڤی بێ تاوانی بارزانی دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و ھەزاران خانەوادە بێ باوک و برا و بێ جگەرگۆشە و ھاوسەر ماڵوێران کران و لە دوای ئەو تاوانە کەوتنە ژێر باری سەختی پەروەردەکردنی خێزان و منداڵەکانیان و لەو پێناوەدا تەمەنی خۆیان لەگەڵ ڕەنج و چاوەڕوانیی کەسوکارە جینۆسایدکراوەکانیان بەسەربرد.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان

لە کاتێکدا کە ئەم یادە کارەساتبارە دەکەینەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان  لە ھەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیان، چونکە تا ئەمڕۆش ڕووفاتی بەشێکی زۆری ئازیزانمان لە بیابانەکاندا گۆڕەکانیان نادیارە و بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی و گەڕانەوەی ڕووفاتەکانیان بۆ زێدی خۆیان، بۆ ئەم ساڵیش سەرەڕای دەربڕینی ئەوپەڕی ھاوخەمیی قوڵی خۆمان بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی جینۆسایدی بارزان،کە هاوکات لەگەڵ ٣٩ ھەمین ساڵیادی تاڵی شەھیدانی ئەم جینۆسایدە، ١٠٠ ڕووفاتی تری قوربانیانی جینۆسایدی بارزان کە لە بیابانەکانی پاڕێزگای موسەننای باشووری عێراق دۆزرانەوە و پشتڕاست کرانەوەکە ڕووفاتی ئازیزانی ئێمەن، لە ناوچەی بارزان و لە ڕێورەسمێکی شکۆداردا بەپێی ڕێکارە یاسایی و فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازییان لێکرا و بەڕێز و شکۆوە بەرەو دوا مەنزڵگەیان لە گۆڕستانی جینۆسایدکراونی بارزان بە خاک دەسپێردرێن. 
ئەگەرچی ئەم تاوانە بێ وێنەیە زامێکی قوڵی جەستەی نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونی ئەستەمە، بەڵام مایەی شانازییە بۆ ئێوە و میللەتەکەمان بە گشتی کە ئەو شەھیدە سەربەرزانە  لە یاد و زاکیرەی بە کۆمەڵی ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەی ئیلھامی ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخی بیرەوەری مرۆڤایەتی و مێژوودان.
 
کەسوکاری ستەملێکراوان و قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان

ڕژێمی بەعسی ڕووخاو ھەر بە جینۆسایدی بارزانییەکان کۆتایی بە پیلانەکەی نەھێنا، بەڵکو بە ئامانجی سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی و لەناوبردنی گەلەکەمان بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانە سڤیلەکەی لە ژێر ناوی (شاڵاوەکانی ئەنفال) ھەروەھا کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ و چەندین ناوچەی تری کوردستان، کە دواجار ھەموو ئەو تاوانکارییانە بەگوێرەی یاساو پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەبوونی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ و ھەزاران بەڵگە و دۆکیۆمێنتی یاسایی بە جینۆساید ناسێندران و دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و  تاوانی جەنگ ناساندوویەتی.
لەم یادە کارەساتبارەدا ڕایدەگەیەنین کە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ھەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتی شایستە پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادی قوربانیەکان بەرز ڕابگرین و کاردەکەین  بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، لە ھەمان کاتدا بەپێویستی دەزانین کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بەئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی ھەستێت و پابەندبوونە دەستوورییەکان و بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکات، بە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێم لە کوردستان ھەر وەک لە ماددەی(١٣٢) دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا دەقنووس کراوە. 
نەمریی بۆ شەھیدانی جینۆسایدی  بارزانییەکان و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان

سلاو لە خانەوادە ھەمیشە سەربەرزەکانیان

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان 
٣١/ ٧ / ٢٠٢٢