Skip to the content

ڕێوڕه‌سمى پێشوازی لە هێنانەوەی ١٠٠ ڕووفاتى ئه‌نفالكراوانى بارزانی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێواره‌ى رۆژی شه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٣٠ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ‏ئاماده‌بوونى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازيكردن له‌ ‏گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ڕووفاتى سه‌د ئه‌نفالكراوى بارزانيدا كرد كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر ‏به‌ڕێوه‌چوو.‏

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، سه‌رۆكى ‏په‌رله‌مانى كوردستان، جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كورستان، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى ‏كوردستان، نوێنه‌رى سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ‏ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و نوێنه‌رانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ‏پێكهاته‌كان و نوێنه‌رانى وڵاتان و ديپلۆماتكاران ئاماده‌ی بوون، وتارى هه‌ر يه‌ك له‌ ‏سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، وه‌زيرى كاروبارى شه‌هيدان و ‏ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، پێشكه‌ش كرا.‏

دواتر فيلمێكى به‌ڵگه‌نامه‌يى ده‌رباره‌ى ئه‌نفالكردنى هه‌شت هه‌زار مێردمنداڵ و گه‌نج و پياوى ‏بارزانى نمايش كرا كه‌ سى و نۆ ساڵ پێشتر وه‌ك ئه‌مڕۆ، هاوينى ساڵى ١٩٨٣ له‌سه‌ر ده‌ستى ‏ڕژێمى ئه‌وساى عێراق ئه‌نجام درا، ئينجا تاجه‌گوڵينه‌ى به‌شدارانى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌سه‌ر ‏ڕووفاته‌كان دانران.‏

رۆژی يه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٣١ ڕووفاتى ئه‌و سه‌د ئه‌نفالكراوه‌ بارزانييه‌ له‌ ‏ڕێوڕه‌سمێكى ديكه‌دا له‌ مۆنۆمێنتى ئه‌نفالكراوه‌ بارزانييه‌كان له‌ ناوچه‌ى بارزان به‌ خاك ‏دەسپێردرێن.‏