Skip to the content

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  لە ۳٥ ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور دا، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات قەرەبووی زیانلێکەوتووان و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکاتەوە .

دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:
جەماوەری تێکۆشەری ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور
۳٥ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە  ١٩٨٧/٥/١٣ وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندنشینانی دەوروبەری ھەڵەبجە و بەردەوامی زوڵم و ستەمی بەعس بەرامبەر خەڵکی ھەڵەبجە و ھەورامان  و دەوروبەری ،  خەڵکی ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور خۆپیشاندانێکیان دژی ڕژێمی بەعس ڕێکخست ، داوایان کرد کۆتایی بەو ھەڵمەتی ڕاگواستنە بھێنرێت و ڕێگە بە دانیشتووانی دەڤەرەکە و خەڵکی گوندەکان بدرێ کە بگەڕێنەوە سەر زێد و ژیانی خۆیان .
بەڵام ڕژێمی بەعس لەجێی گوێگرتن لە داواکاری خۆپیشاندەران ، وەک نەریتی ھەمیشەییان بە ئاگر وئاسن وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بەو ھۆیەوە چەندین ھاووڵاتی شەھید و  برینداربوون، ڕژێم بەوەشەوە نەوەستاو تەواوی ئەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی عەنەب بوون لەگەڵ ھاوەڵەکانیان کە ژمارەیان(٢٥) کەس بوو دەستگیری کردن و لە سەربازگەی بامۆک زیندەبەچاڵ کران. 
ھەمان ڕۆژ  لەسەر ڕێگەی ھەڵەبجە - سەید سادق (٢٦) ھاووڵاتی بێتاوان کە لە سلێمانیەوە دەگەڕانەوە بۆ ھەڵەبجە و خورماڵ و ھەورامان دەستگیرکران و بەفەرمانێکی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید لە سەربازگەی شانەدەری زیندەبەچاڵ کران . 
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە کوشت و بڕی  ھاووڵاتیان دەستی ھەڵنەگرت و  پاڵپشت بە فەرمانێکی تری عەلی حەسەن مەجید لە ڕۆژی ١٩٨٧/٥/١٣ گەڕەکی (کانی عاشقان)ی ھەڵەبجە کە نزیکەی ٣٠٠ ماڵ دەبوو بە ماددەی (تی ئێن تی) تەقێنرایەوە و خەڵکەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، 
ھەمان ڕۆژ لە شارۆچکەی خۆڕاگری سەید سادق خۆپیشاندانێک بۆ پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی تێکۆشەری ھەڵەبجە ئەنجامدرا و دیسانەوە لەلایەن ھێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسەوە ھێرش کرایەوە سەریان و شەش ھاووڵاتی بێتاوانیان لێ شەھیدکردن.

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
ئێمە لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە کاتێکدا ئەو بەرخودان و قوربانیەی جەماوەری تێکۆشەری ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور بەرز دەنرخێنین و دروود بۆ ڕۆحی شەھیدانی ئەو مەرگەساتە دەنێرین، لە ھەمانکاتدا  جەخت لە مافی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە و داواکاریشین لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کە لە چوارچێوەی ماددەی ۱۳۲ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە..

سەروەریی و نەمریی بۆ شەھیدان
سڵاو لە خانەوادەی شەھیدان و برینداران و بەرکەوتووان.