کونسوڵى گشتیی بەریتانیا پشتگیریی چاکسازی و دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پێشنیوەڕۆى ڕۆژی دووشەممە، ڕێککەوتى ٣١ ی تشرینی یەکەمى ۲۰۲۲، عەبدوڵا حاجی مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، پێشوازى لە دەیڤد هەنت، كونسوڵى گشتىی بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکى خستە سەر قوربانیدانى گەلى کوردستان لەپێناوى بەدیهێنانى ئاشتى و ئازادی و دیموکراسی.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر پرسى قەرەبووکردنەوەى خەڵکى کوردستان لەبەرامبەر ئەو تاوانانەى کە دەرحەقی کراوە، کرا.
کونسوڵى گشتیی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆى بە ڕەخساندنى ئەو دیدارە پیشان دا و ڕایگەیاند کە شانشینى یەکگرتووى بەریتانیا هاوکار و پاڵپشتى بەردەوامى هەرێمى کوردستان دەبێت و پابەندیشە بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانى لە بوارى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرىی عێراق و هەرێمى کوردستان؛ پشتگیرى لە چاکسازییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى شەهیدانی کرد بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانى دادپەروەرىی زیاتر لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆتاییدا جەخت لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەسوکاری شەهیدان بەتایبەتی کرایەوە.