Skip to the content

حکومەت و پەرلەمانی کوردستان پرسی بە جینۆساید ناساندنی گەلی کوردستانیان تاوتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV. KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ١٧ى تشرینى یەکەمى٢٠٢٢، عەبدوڵا حاجى مەحمود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوان بە ئامادەبوونى، فرسەت ئەحمەدوەزیرى داد و  ڤالا فەرید، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان و سامان سۆرانى، ڕاوێژکارى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە  بەمەبەستى  گفتوگۆکردن لەسەر پرسى جینۆسایدى گەلى کوردستان لەگەڵ لیژنەى کاروبارى  شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانى سیاسىی لە پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی پرسی جینۆسایدى گەلى کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەرى کارکردنیان لەو بوارەدا کرا و  وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان تیشکى خستەسەر کەیسەکانى جینۆسایدى گەلى کوردستان، بەتایبەتى ئەو کەیسانەى کە بڕیارى کۆتاییان لەلایەن دادگاوە وەرگرتووە و لە پەرلەمانى عێراقیش پەسەندکراون، کە سەرۆکایەتییەکانى کۆمار و حکومەتى عێراق پابەند دەکات کە پێویستە بەئەرکى  دەستورى خۆیان هەستن بە داواى لێبوردن کردن لە گەلى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان.
عەبدوڵا حاجی مەحموود ڕایگەیاند، داوابەدواى گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران و بۆ بەدواداچوون و قەرەبووکردنەوەى خەڵکى کوردستان دەستەیەکمان دامەزراندووە بەناوى (دەستەى جینۆساید) کە ئەم دەستەیە هەنگاوى باشى ناوە بۆ بەدواداچوون و کارکردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە نیشتمانی و نەتەوەییە بۆ ئەوەى جارێکى تر بیر لە جینۆساید و ئەنفالکردن و پەلاماردانى خەڵکى کوردستان نەکرێتەوە.