لیژنەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبوویەوە.
![](/media/15665/fb_img_1665470103581-1.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133099490850000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتی ۱۰ ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، بەسەرپەرشتى بەڕێز عەبدوڵڵا حاجى مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەرۆکى لیژنەى چاکسازى وەزارەت، بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە بەمەبەستی بە دواداچوون بوو بۆ کارەکانى پرۆسەى چاکسازی کە لەلایەن لیژنە لاوەکییەکانى وەزارەتمانەوە ئەنجام دەدرێت لە دۆسیەکانى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى و بەرکەوتووانى چەکى کیمیاوى و تاقانەکانی جینۆساید. و بەووردى تیشک خرایە سەر ئەنجامى کارەکانى ڕابردووی لیژنەکان وتاوتوێى ئەو بەربەستانەش کرا کە دێنە پێش کارى لیژنەکانی پارێزگاکان و ڕێوشوێنی پێویست دەستنیشانکرا بۆ چارەسەرکردنیان.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر کارەکانى لیژنەى پاکتاوکردن و پێداچوونەوەى دۆسییەکانی زیندانیانى سیاسى و کارەکانیان کرا و هەنگاوەکانی داهاتووشیان بۆ دەستنیشان کرا. و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەرۆکی سەرجەم لیژنەکانی چاکسازی وەزارەتی ڕاسپارد بەردەوامى بە پرۆسەى چاکسازى بدەن بەپێى ئەو ڕێکار و پەیرەوانەى دانراون. لەن کۆبونەوەکەشدا بڕیاردرا بە ڕاپۆرتێک دوا داتا و ئاماری کاری لێژنەکانی چاکسازی لە وەزارەتی کار و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاڕاستەی سکرتاریەتی لیژنەی باڵای چاکسازی بکرێت.