هەوڵ بۆ بەجینۆساید ناساندنى کەیسەکانى گەلى کوردستان دەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى ٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢، عەبدوڵڵا حاجى محموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەئامادەبوونى بەرەڤان حەمدى، بریکارى وەزارەت و نەوشیروان شەریف، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە چیایى مايی، بەرپرسى کۆمەڵەى قوربانیانى جینۆسایدی کورد و سکرتێرى پارتى سەنتەرى فەڕەنسى بۆ پرسى کورد و ڕۆژهەڵاتى ناوین و ئەمیر جەرگیس، بەرپرسى دیسکى ئەوروپا لە مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانى هاوکارى و هەماهەنگى دوولایەنە بۆ یەکخستنى هەوڵەکان بۆ بەجینۆساید ناساندنى کەیسەکانى گەلى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بە هەماهەنگى لەگەڵ نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا.
لە تەوەرێکى ترى ئەو دیدارەدا باس لە چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دروستکردنى گوشارى زیاتر لەسەر حکومەتى عێراقى فیدراڵ بۆ ناساندنى سەرجەم کەیسەکانى جینۆسایدى گەلى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى ڕژێمى پێشوو بەپێى ئەحکامەکانى دەستوورى عێراقى فیدراڵ كرا.