بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٤٩ ساڵەی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێ
هەولێر-هەرێمی کوردستانی عێراق (GOV.KRD)، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٤٩ ساڵەی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێ دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە،ئەمە دەقەکەیەتی:
هاووڵاتیانی تێکۆشەری سنوری پشدەر
لە ڕۆژی ۲٤ی نیسانی ۱۹۷٤ و ٤۹ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و له درێژەی زنجیرە سیاسەتەکانی ڕژێمى بهعسى ڕووخاو دژ بهگهلهكهمان و بههۆى ترسى دوژمن له ئاوێتهبوونى تێکۆشانی چهك و قهڵهمى بهرگرى و كۆبوونهوهیان له یهك سهنگهرى خەبات و تێکۆشان، شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بۆردمانکرا و لە ئەنجام دا ١٢٣ هاووڵاتی سڤیل و فەرمانبەر و خوێندکار و مامۆستاى زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک) کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش برینداربون و بەشێکی شارەکەش بەتەواوی وێرانکرا و ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.
دوای ئەو ساڵە و وهك نەریت و بیرەوەرییەکی کارەساتبار ساڵانه یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە دهكرایهوه. لەپاش ههشت ساڵ و لە بیرەوەری و یادکردنەوەی ئەو مەرگەساتەدا و لە ڕۆژى ٢٤ی نیسانی ۱۹۸۲، بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ، خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ئەو شارە خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتستۆکردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجام دا، کە بەداخەوە لەلایەن دارودەستە و هێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندارکران و چەندان کەسیشیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکان کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدان و قوربانیانی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، لە ڕێککەوتی ٤ ئاداری ۲٠۱۳، بە بڕیاری (۲۲٦۲) ڕۆژی ۲٤ی نیسانی وەک ڕۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاریکرد و داوای لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان کرد، کە ساڵانه لهو ڕوژهدا بهچالاکی ڕۆشنبیری و زانستی یادی شەهیدان و قوربانیانی زانست و قهڵهم لە کوردستان بهرز ڕابگرن.
جەماوەری تێکۆشەر و کەسوکاری هەمیشە سەربەرزی شەھیدانی مەرگەساتی قەڵادزێ.
ئێمە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە کاتێکدا لەخەمی خزمەتکردنی باشتری کەسو کاری شەهیدانداین و هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ ئەم مەبەستە خستۆتە گەڕ، لە هەمان کات دا بەردەوام دەبین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەم جۆرە تاوانانەی کە دژ بەگەلەکەمان ئەنجامدراوە،تا ئەوکاتەی کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی مادەی ۱۳۲ی دەستووری عێراقی فیدراڵ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان دەکات، وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دا دەقنووسکراوە.
دروود بۆ گیانی شەھیدانی ئەو مەرگەساتە وسەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان
سڵاو لە خۆڕاگریی و تێکۆشانی خانەوادە هەمیشە سەربەرزەکانیان.
وەزارەتی کارووباری شەھیدان و ئەنفالکراوان
۲٤ی نیسانی ۲۰۲۳